پایتەخت

جووتیار رەسووڵ بۆ دەستگیر کرا؟

جووتیار رەسووڵ بۆ دەستگیر کرا؟
کورتە

دوای 53 کاتژمێر لە دەستگیرکردنی جووتیار رەسووڵ، پەیامنێری پایتەخت ئازادکرا؛ پایتەخت میدیا هۆکارەکەی ئاشكرا دەکات.

وردەکاری هۆکار و چۆنیەتی دەستگیر کردن و مانەوەی جووتیار رەسووڵ لە زیندان لەسەر زاری خۆیەوە ئاشکرا دەکرێت.

کەمێک لەمەوبەر جووتیار رەسووڵ دوای 53 کاتژمێر مانەوە لە زیندان بە کەفالەت ئازاد کرا.

دوای ئازادکردنی جووتیار رەسووڵ، پەیامنێری پایتەخت میدیا لە دەڤەری ڕاپەڕین ڕاگەیاند: "ڕۆژی سێشەممە بە ڕێگاوە بووم بۆ ڕووماڵی سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکەی دۆڵی سماقووڵی، لە بازگەی یەکەمی سماقووڵی ڕایانگرتم گووتیان کارت چییە، گووتم پەیامنێرم لە پایتەخت میدیا دوای ئەوە مۆبایلیان لێ وەرگرتم تەنانەت داوام کرد پەیوەندی بە کەسوکارم بکەم بەڵام ڕێگەیان نەدا، دواتر ڕەوانەی کۆیە کرام و تەسلیمی هێزێکی دیکەیان کردم، دوای ئەوە منیان بردە سلێمانی".

جووتیار رەسووڵ ئاشکرای دەکات: "ڕۆژی یەکەم لە ئاسایشی سلێمانی قالاوە بووم و هیچ لێکۆڵینەوەیەکیان نەکرد، دوای ئەوە منیان بردە لێکۆڵینەوە مۆبایلەکانیان کردمەوە، تەنانەت لێکۆڵینەوەیەکی زۆرم سەبارەت بە کاری رابردووم لە ئێن ئارتی و زووم، کاری ئێستام لە پایتەخت کرد".

سەبارەت بە هۆکاری دەستگرکردنی، جووتیار رەسووڵ گووتی: "هۆکارەکەی نازانم، بەڵام لێکۆڵینەوەکانم سەبارەت بە کاری ڕابردووی میدیایم لە ئێن ئارتی و زووم بووە، هیچ شتێکم ئاڕاستە نەکراوە و هیچ سکاڵایەکم لەسەر نەبووە".

جووتیار رەسووڵ لە ماوەی دوو ڕۆژی دەستگیرکردنی دەڵێت: "کەلەپچەیان کردبووم، لەم دوو ڕۆژەدا لە ئاسایشی گشتی سلێمانی- قالاوە بووم، تەنیا واژۆی کەفالەتی ئازاد کردنم کردووە".

جووتیار رەسووڵ، پەیامنێری پایتەخت لە دەڤەری ڕاپەڕین لە ڕۆژی سێشەممەوە ڕێککەوتی 28ـی 4ـی 2026 کاتژمێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ دوای دەرچوونی بۆ کاری میدیایی لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بە بێ هیچ هۆکارێک دەستگیرکرابوو.

30 نیسان 2026 17:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026