پایتەخت

ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە لە پایتەخت میدیاوە لەبارەی جووتیار رەسووڵی پەیامنێرمان

ڕاگەیاندراوێکی بەپەلە لە پایتەخت میدیاوە لەبارەی جووتیار رەسووڵی پەیامنێرمان
کورتە

شوێنی جووتیار رەسووڵ ئاشکرا بوو؛ “سەلامەتی گیانی پەیامنێرمان لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییە”

 

دوای زیاتر لە 35 کاتژمێر لە دیارنەمانی پەیامنێرمان جووتیار رەسووڵ لە دەڤەری راپەڕین، زانیاری تەواومان لەسەر بێسەروشوێبوونی دەستکەوتووە و دڵنیایین لە لایەن ئاسایشی گشتیی یەکێتی ڕفێنراوە و ئێستا لە سلێمانی دەستبەسەرە.

 

جووتیار رەسوول لە دوێنێ سێشەممە کاتژمێر 11:30 خولەکی پێشنیوەڕۆ بێسەروشوێنە، تاوەکو بەیانی ئەمڕۆ تەلەفۆنی بۆ دەچوو بەڵام وەڵامی نەدەدایەوە. کاتژمێر 07:36 خولەکی بەیانی مۆبایلەکەی داخرا.

 

بەپێی زانیاری و بەداواداچوونەکانمان کە لەلایەن سەرچاوەی باڵا و تایبەت پشتڕاست کراوەتەوە، مۆبایلەکەی  لە گەڕەکی قالاوە، لە شەقامی بازنەی مەلیک مەحموود کوژێندراوەتەوە، ئەو شوێنە نزیکە لە بارەگای سەرەکی ئاسایشی گشتی سلێمانی.

 

پەیامنێرمان لە کاتی کاری رۆژنامەوانی دەستگیر کراوە، کاتێک لە رێگا بوو بۆ رووماڵکردنی گردبوونەوەیەک لە دۆڵی سماقوڵی، لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە رفێنراوە.

 

ئەمە لەکاتێکدایە هیچ دۆسیە و سکاڵایەکی پەیوەست بە کاری رۆژنامەوانی لەسەر نەبووە، کەسوکارەکەیشی پێیان راگەیاندووین کێشەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، بۆیە هیواداراین هیچ دۆسیەیەکی بۆ دروست نەکرێت.

 

ئێمە وەکو پایتەخت میدیا،  سەلامەتی و گیانی پەیامنێرمان جووتیار رەسووڵ دەخەینە ئەستۆی ئاسایشی یەکێتی و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی، داوایان لێ دەکەین بەزووترین کات چارەنووسی ئاشکرا بکەن و ئازادی بکەن. 

 

داواش لە تەواوی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان، کونسوڵخانەی وڵاتان لە کوردستان و خودی وەزارەتی ناوخۆی کوردستان و دەستەی مافی مرۆڤ دەکەین لەسەر ئەم کەیسە بێنەدەنگ و فشار بکەن بۆ ئازادکردنی. 

 

ئێمە وەک پایتەخت میدیا، جگە لە ئاگادارکردنەوەی رای گشتی، سەرجەم بەڵگەکان و زانیارییەکانی پەیوەست بەم رفاندنە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین و بێدەنگ نابین تاوەکو ئازادکردنی.

 

جارێکی دیکەش دووپاتی دەکەینەوە، پێویستە تەواوی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007ی رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسان بکەن و چیتر نەیان رفێنن.

 

پایتەخت میدیا
٢٩\٤\٢٠٢٦

29 نیسان 2026 21:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026