پایتەخت

ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا

ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا
کورتە

لە وەڵامی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگرییان، ئێران دەستی بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا کرد.

ئێران دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکی بارهەڵگری وڵاتەکەی لەلایەن ئەمریکاوە بە پێشل کردنی ئاگربەست وەسف دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران لە زاری ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران ئاشکرای کرد، کەمێک دوای دەستبەسەرداگرتنی کەشتیییەکی بارهەڵگری ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، ئێران لە ڕێگەی درۆنەوە وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە و هێرشیان کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.

بە گوتەی ئەم سەرچاوەیە، کەشتییەکەی ئێران (کە لە جۆری تۆوسکا بوو و درێژییەکەی نزیكەی 900 پێیە و کێشەکەی بەقەد کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر دەبێت) لە چینەوە بەرەو کەنداوی عومان بە ڕێگاوە بوو، ئەمریکییەکان تەقەیان لێ کرد، بەمەش ئاگربەستیان پێشێل کرد، لە بەرامبەردا ئێران هێرشی کردە سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.

تا ئێستا هیچ هەواڵێکی زیانگەیشتن بە کەشتییەکانی ئەمریکا لە ئەنجامی ئەم هێرشەی ئێرانەوە بڵاونەکراوەتەوە، پێشووتریش گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران ئۆپەراسیۆنی گەمارۆکانی ئەمریکای بە "پێشێل کردنی ئاگربەست" و "چەتەیی دەریا" وەسف کرد و جەختی لە وەڵامدانەوە کردەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی کەشتییەکی ئێران لە دەریای عەرەب هەوڵیدا گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بشکێنێت و بچێتە ناو بەندەرێکی ئێرانەوە، کەشتییەکەیان پەکخست و چوونە ناوەوە. دوای تەواوبوونی پشکنین لە کەشتییەکە، هێزەکانی ئەمریکا بڕیار دەدەن کە چی لە کەشتییە بکەن.

20 نیسان 2026 11:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026