پایتەخت

زەوییە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە بە کەسانی بیانی فرۆشراون؟

زەوییە گەشتیارییەکانی هەڵەبجە بە کەسانی بیانی فرۆشراون؟
کورتە

چی لە پشت دەنگۆی فرۆشتنی زەوییەکانی هەڵەبجەوەیە؟ لێرە بیخوێنەرەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی فرۆشتنی ناوچه‌ گه‌شتیاره‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ عه‌ره‌بێك و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ زەوییەکی گەشتیاری بە کەسانی بیانی و دەرەوەی ناوچەکە نەفرۆشراوە.

 

ئه‌مڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە ڕایگه‌یاند، ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەواڵێکی چەواشەکارانە بڵاوبووەتەوە، گوایە چەند کەسێکی ناکورد زەوییەکی گەشتیارییان کڕیوە و بەڕێوەی دەبەن. ئەم زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها بۆ مەبەستی کۆکردنەوەی لایک و کۆمێنت بڵاوکراونەتەوە.

 

سەبارەت بە وردەکاریی ئەو شوێنەی ناوی هێنراوە، گشتوگوزاری هەڵەبجە ڕوونی کردەوە، ئەو شوێنە موڵکی هاووڵاتییەکی ناوچەکەیە و بۆ ماوەی چوار مانگ بە کرێ دراوە بە کۆمپانیایەکی گەشتیاریی شاری بەسرە. کاروچالاکیی کۆمپانیاکەش تەنها گواستنەوەی گرووپە گەشتیارییەکانە بۆ هاوینەهەواری ئەحمەدئاوا و ئەو موڵکە وەک شوێنی مانەوەی شەوانەی گەشتیاران بەکاردەهێنرێت.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە بەڕێوەبەرایەتییەکە لە نزیکەوە سەردانی شوێنەکەی کردووە و تەواوی چالاکییەکان لەژێر چاودێری وردی ئەوان و دەزگا ئەمنییەکاندایە.

 

لە کۆتاییدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا دەکات، بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن و دووربکەونەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بێ بنەما کە زیان بە کەرتی گەشتیاریی پارێزگاکە دەگەیەنێت.

19 نیسان 2026 14:09
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026