بارانی بەخوڕ لە ڕێگەیە
لێزمە باران و تەرزە هەرێم دەگرێتەوە؛ ئاماری کۆی بارانبارینی ئەمساڵ بڵاوکرایەوە
بەپێی بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم و پێشبینییەکانی شارەزایانی کەشناسی، شەپۆلێکی بارانبارین و هەورە تریشقە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت تاوەکو ڕۆژی سێشەممە بەردەوام بێت. هاوکات، داتا فەرمییەکان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بارانبارینی ئەمساڵ دەکەن لە چاو ساڵانی ڕابردوودا.
ئهمڕۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، چالاکبوونەوەی شەپۆلەکە لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆدا بەردەوام دەبێت، بە تایبەت لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە باران بەشێوەی لێزمە و هەورە تریشقە دەبێت و ئەگەری بارینی تەرزە لە هەندێک کاتدا هەیە. بۆ سبەی دووشەممە، پێشبینی دەکرێت ناجێگیری کەشوهەوا بەردەوام بێت و لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان لێزمە بارانی بەخوڕ ببارێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی هۆشداری دەدات ئەگەری دروستبوونی 'هەوری سوپەرسێڵ' و لافاوی کتوپڕ لە هەندێک ناوچەدا لە کاتەکانی نیوەڕۆی دووشەممە بۆ شەو. ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەهۆی بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە، پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە نزمدەبنەوە و کاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەکو ئێوارەی سێشەممە بە لاوازی دەمێنێتەوە و پاشان کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە.
بەپێی داتاكان، کۆی گشتی بارانبارینی ئەمساڵ تاوەکو ڕێککەوتی 19ی 4ی 2026، لە سەنتەری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە بووە: رانیە بە 1193.2ملم بەرزترین ڕێژەی تۆمارکردووە، لە دوای ئەویش هەڵەبجە بە 1052.9 ملم و سلێمانی بە 1038.4 ملم دێن. هەروەها هەولێر 674.1 ملم و دهۆک 860.7 ملم بارانیان لێ باریوە. سەبارەت بە خێرایی با، دوێنێ شەممە بەهێزترین با لە سەنتەری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە سەرووی 20 کم لە کاتژمێرێکدا.