ئێران بەهەموو شێوەیەک ڕادەستکردنی یۆرانیۆم ڕەت دەکاتەوە
ئێران ڕەتی دەکاتەوە ئێران سازش لەسەر پرسی ئەتۆمی بکات و جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە، وەڵامی قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئەم بابەتە دەداتەوە.
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران و ڕازیبوونی ڕووسیا لە یارمەتیدان بۆ بەرپێشبردنی ئەم پڕۆسەیە، ئێران ڕەتی دەکاتەوە یۆرانیۆم ڕادەست بکات.
دوێنێ شەممە، ئەلێکسی لیخاچۆڤ، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای وزەی ئەتۆمی ڕووسی رۆساتۆم، ئامادەیی خۆی بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمەکەی ئێران نیشاندا و گووتی: "کۆمپانیاکە بە وردی چاودێری پڕۆسەی دانوستانەکانی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەکات."
دوای ئەم هەڵوێستەی ڕووسیا، ئەمڕۆ یەکشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس، سەعید خەتیبزادە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی داواکارییە "زۆرەکانی" ئەمریکا، ئێران ئامادە نییە لە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دیکەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بەشدار بێت.
سەعید خەتیبزادە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای لەسەر ڕادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو ڕەت کردەوە و جەختی کردەوە: "هیچ یۆرانیۆمێک ڕادەستی ئەمریکا ناکرێت، ئەم بابەتە جێگەی مشتومڕ نییە و بۆ دانوستان قبووڵی ناکەین."
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە 18-4-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، "ئامانجی سەرەکی دانوستان بۆ ڕێگریکردنە لەم چەکە، دەچین یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە ئێران دەردەهێنین، ئەگەر ڕێكکەوتنیش نەکرا، کێشەکە بە ڕێگەی دیکەی چارەسەر دەکەین."