ته‌ندروستی گه‌رمیان بێده‌نگی شكاند
گیان لەدەستدانی هاوڵاتییەک لە کەلار کاردانەوەی گەورە دروست دەکات
تەندروستی گەرمیان، ڕێکاری یاسایی له‌دژی گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت ده‌گرێته‌به‌ر. هه‌روه‌ها لێژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ش دروست ده‌كات.
ئه‌مڕۆ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیان ڕایگەیاند، دەستیان کردووە بە ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە شاری کەلار، ئەوەش دوای ئەوەی کەسوکاری کۆچکردووەکە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە بەهۆی 'کاریگەری دەرزییەکەوە' گیانی لەدەستداوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، بە مەبەستی پاراستنی بێلایەنی و پیشەییبوون، سەرجەم پەڕاوەکان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی دەکرێن. ئەمەش پاڵپشت بە ڕێنماییەکانی وەزارەت و داواکاری گشتی هەرێم، کە جەخت دەکەنەوە دەبێت ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی تایبەتن بە گیانلەدەستدانی نەخۆش، ئەندامەکانیان لە دەرەوەی ئەو پارێزگایە بن کە ڕووداوەکەی تێدا گەراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی تەندروستی گەرمیان، هەردوو بەشی (بەدواداچوون و پشکنین) و (یاسایی) ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوونی وردی ڕووداوەکە. بڕیاری کۆتایی لەسەر پێکهێنانی لیژنە پسپۆڕەکە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە دەدرێت بۆ دەستنیشانکردنی هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانەکە.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، دوێنێ ئافره‌تێكی به‌ته‌مه‌ن له ئه‌نجامی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكی له كه‌لار گیانی له‌ده‌ستدا. دواتر كه‌سوكاره‌كه‌ی ڕایانگه‌یاند، پزیشكێك ده‌رزییه‌كی هه‌ڵه‌یان لێداوه، بۆیه ڕاسته‌وخۆ گیانی له‌ده‌ستداوه و سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر نه‌خۆشخانه‌كه و پزیشكه‌كه تۆمار ده‌كه‌ین.
