پایتەخت

رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ هەڵوەشایەوە

 رێککەوتنی یەکێتی و نەوەی نوێ هەڵوەشایەوە
کورتە

جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەتەواوەتی ڕەتی دەکاتەوە ڕێککەوتنێکی هەبووبێت لەگەڵ یەکێتی

بەفەرمی ڕێککەوتنی یەکێتیی و نەوەی نوێ هەڵوەشیایەوە و جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بە فەرمی ڕایگەیاند هیچ رێککەوتنێک لە نێوان ئەوان و یەکێتی نەماوە.

 

کەمێک لەمەوبەر هیمداد شاهین، گوتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر ڕێککەوتنی یەکێتیی و نەوەی نوێ ڕایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لە نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ نەماوە، جگەلە گفتوگۆیەک کە پێشتر هەبووە.

 

لەدوای ئازادکردنی شاسوار عەبدولواحید لە زیندان، کۆبوونەوەکانی نەوەی نوێ و یەکێتیی بۆ رێککەوتن دەستیان پێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی چەندین سەرچاوە ئاماژەیان بەوە کرد کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە مەرجی رێککەوتن ئازاد کراوە، بەڵام ئەم رێککەوتنە ساوایە هەرزوو کۆتایی هات و ئێستا هیچ شتێک لە نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی نەماوە.

 

لە کاتێکدا کە نەوەی نوێ بە فەرمی ڕایگەیاند کە هیچ رێککەوتنێک لە نێوان نەوەی نوێ و یەکێتی نییە، هێشتان بافڵ تاڵەبانی و یەکێتی و بەرپرسانی ئەو حزبە، لە میدیاکانیان دەهۆڵی رێککەوتنی ستراتیژی لێدەدەن و دەڵێن، لە چەند رۆژی داهاتوو گۆڕان دێتە ناو هاوپەیمانیەتییەکەمان، بەڵام ئەمڕۆ نەوەی نوێ بە تەواوی ریسەکەی ئەوانی کردەوە خوری و بێبەری خۆی لەوان دووپاتکردەوە.

 

یەکێتی بۆ فشارکردنە سەر پارتی، ماوەی زیاتر لە ساڵێکە رێگای جیاواز تاقی دەکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەوڵەکانی سەرکەوتوو نەبووە، چونکە پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕایگەیاندووە، بە ژمارەی کورسی مامەڵە لەگەڵ هەر لایەنێک دەکات بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت بکات.

19 نیسان 2026 17:58
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026