پایتەخت

کەتائیبی حیزبوڵڵا مەرج بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دادەنێت

کەتائیبی حیزبوڵڵا مەرج بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دادەنێت
کورتە

کەتائیب داوای کۆتاییهێنان بە هەژموونی واشنتن لە ناو وەزارەتەکان دەکات

کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، مەرجەکانی بۆ پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و پرۆسەی سیاسی ڕادەگەیەنێت. هه‌روه‌ها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ئاگادار ده‌كاته‌وه‌ و هۆشداری تووندییان پێده‌دات.

 

ئه‌مڕۆ ئەبو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق، لە ڕاگەیێنراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی بزووتنەوەکەی سەبارەت بە پەرەسەندنە ئەمنییەکان و ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەکان خستە ڕوو و ڕایگەیاند، پاراستنی ئاسایشی باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەغدا، بەستراوەتەوە بە پابەندبوونی واشنتن بە نەکردنە ئامانجی ناوچە نیشتەجێبوونەکان.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێنراوەکەدا، بەرپرسە ئەمنییەکەی کەتائیب ئاماژەی بەوە کرد کە خۆڕاگریی چەکداری لە ماوەی 40 ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمریکا و ئیسرائیلی ناچار بە پاشەکشە و قبوڵکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست کردووە. ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە باس لە بوونی گوشارێکی ناوخۆیی زۆر دەکرێت، بەڵام کەتائیب پێی وایە دواجار نەیارەکانیان ملیان بۆ ئەم واقیعە نوێیە کەچ کردووە و بەرەی مقاوەمە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و هەژموونی دەرەکی، داوا ده‌كات، کۆتایی بە کاریگەریی هێزەکانی سەر بە واشنتن لە ناو وەزارەتەکاندا بهێندرێت و ڕێگری لە بوونی چەکی بیانی لە ناو شارەکاندا بکرێت. ناوبراو داوای هەماهەنگیی زیاتری لە نێوان هێزەکانی "مقاوەمە" کرد بۆ کردنەوەی بەرەی نوێ دژ بە ئەمریکا.

 

لە کۆتاییدا، ڕاگەیێنراوەکە تیشکی خستە سەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو. کەتائیبی حیزبوڵڵا مەرجی ئەوەی داناوە کە ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی نەتوانێت کاندیدانی وەک مالیکی یان سوودانی تێپەڕێنێت، پێویستە سەرۆکوەزیران لە ناو فراکسیۆنەکانی ئەواندا هەڵبژێردرێت. هەروەها جەختیان کردەوە کە ڕێگری دەکەن لەوەی یەک گرووپ یان تاقمێکی سیاسی دەست بەسەر هەر چوار سەرۆکایەتییەکەدا بگرێت، بە مەبەستی پاراستنی هاوسەنگیی هێز.

19 نیسان 2026 10:30
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026