عەلی حەمەساڵح: سلێمانی ڕووبەڕووی داڕمان دەبێتەوە
سلێمانی لهنێوان ئاوهدانكردنهوه و تاڵانیدا! پهرده لهسهر گهورهترین دۆسیهی گهندهڵی له سلێمانی ههڵدهدرێتهوه
عەلی حەمەساڵح، لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا زەنگی مەترسی سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری و ئابووری سنووری پارێزگای سلێمانی لێدەدات. ناوبراو ئاشکرای دەکات کە بەهای ئەو پڕۆژانەی لە سنووری سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین بڕیاریان لێدراوە و ئێستا 100% ڕاگیراون، دەگاتە (4 ترلیۆن و 550 ملیار) دینار.
ئهمڕۆ عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست بڵاویكردهوه، ئەم پڕۆژانەی له سلێمانی ڕاگیراون له بوارەکانی وهك ڕێگاوبان، بەنداو، پرد و پڕۆژەکانی ئاو خۆی دهبینێتهوه. ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەنانەت ئەو پڕۆژانەی ڕێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە 80%، کارکردن تێیاندا وەستاوە. ئەم دۆخە تەنها پڕۆژەکان نەیگرتووەتەوە، بەڵکو 'نەسریە'ی فەرمانگەکان و دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیش بۆ نەخۆشخانەکان تووشی گرفتێکی گەورە بووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بیانووی سەرەکی بۆ وەستانی ئەم پڕۆژانە 'نەبوونی داهات'ە. عەلی حەمەساڵح دەڵێت: پێشتر داهاتی سلێمانی مانگانە لە نێوان 150 بۆ 160 ملیار دینار بووە، بەڵام ئێستا دەڵێن بە داهاتی کارەباشەوە تەنها 39 ملیار دینارە. ناوبراو ئەم دابەزینە بە ناعەقڵانی وێنا دەکات و پرسیار دەخاتە سەر داهاتی ڕاستەقینەی گومرگ، هاتووچۆ، شارەوانی و باجەکان.
بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی تووند دەگرێت و دەڵێت: ناکرێت داهاتی قاچاخچێتی لە مەرزەکانی باشماخ و پەروێزخان سێ هێندەی داهاتی فەرمی بێت، یان داهاتی سەرانەی بازگە حیزبییەکان لە داهاتی حکومەت زیاتر بێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتێکدا ملیارەها دۆلار زەوی بۆ بەرژەوەندی تایبەت براوە، پڕۆژە گشتییەکان پشتگوێ خراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، عەلی حەمەساڵح هۆشداری دەدات کە دۆخی خراپی سلێمانی بە کڕینی میدیا و نووسەر داناپۆشرێت و دەڵێت: ئەمەی لێرە ڕوودەدات کارەسات و تاڵانییە.