پایتەخت

شەهید شۆردنی بۆچییە؟

شەهید شۆردنی بۆچییە؟
کورتە

وەڵامی هەموو پرسیارە ناڕوونەکان

دوای ئەوەی هیچ مزگەوتێکی سلێمانی ئامادە نەبوو غەزەل مەولان وەربگرێت و تیاییدا بشۆردرێت، ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.

دەقی نووسینەکەی نەوید مێهراوەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان:

گیانبەختکردنی غەزاڵ مەولان چەپەرئاباد و چەند پرسیار و وڵامێک 

نەوید مێهراوەر

ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خاکەلێوە، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر کەمپی سوورداش، هاوڕێ غەزاڵ بریندار بوو و بۆ چارەسەر گەیەندرایە نەخۆشخانەی شۆڕش.

تا ئێرە، تەنیا هێرشێکی درۆنی بۆمبڕێژکراو بوو و بە لەبەرچاوگرتنی ئاکار و ماهییەتی کۆماری ئیسلامی، ڕووداوێکی سرووشتی بوو. بەڵام هەیمەنەی ئێران بەسەر بەشێکی زۆر لە دام و دەزگا و بەشێک لە خەڵک، بارودۆخەکەی گۆڕی.

هەروەها، لەگەڵ دەرکەوتنی سیمای جوانی مرۆڤگەلێکی بەوەفا، نیشتمان‌خۆشەویست و تێگەشتوو لە هاوچارەنووسیی و مرۆڤدۆستی، و هەروەها دەرکەوتنی میدیاکار و کاناڵ و پەیجەکان کە بە ناوەڕۆکی کوردستانی بوون بە مەشغەڵێکی دروەوشاوە، دڕییان بەو تاریکییەدا دا کە هەیمەنەی ئێرانی و ئیسلامی سیاسی وەک عەبای ڕەش بە سەر باشوور کێشابوو، یان هیچ نەبێت وایان وێنا دەکرد.

کاتێک لە نەخۆشخانەی بەخشین، سوێندی پزیشکی چووە ژێر پۆستاڵەکانی ئیسلامی سیاسی و مرۆڤایەتی بوو بە ساقەی بزەی لێوی کونسوولی ئێرانی داگیرکەر، بۆ چەند کاتژمێرێک ڕۆژهەڵاتی نیشتمان وەکوو خۆرئاوابوونێک لە باشوور، ئاسۆی لێ لێڵ بوو.

کاتێک داوا لە چەند مزگەوتێک کرا بۆ شۆردنی تەرمی لە خوێن خەڵتانی غەزاڵ، و بە بیانووی ئەوەی حەرەمی مزگەوت بۆ ژن حەرامە، و کاتێک گۆڕستانی زرگوێز لە ترسی ئەسپەردەکردنی ئەو تەوارە باڵخوێناویە درایە بەر مووشەک، هەتاوەکەی گەرمیان سلێمانیشی ڕوونکردەوە، نەک مزگەوت؛ بەڵکوو کتێبخانە و حەرەمی پیرۆزی هزر و ئەندێشە پێشوازی لە تەرمی شاژنی ڕۆژهەڵات کرد.

سۆزی چوارچرا بووژایەوە، و تەرمی پێشمەرگەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرشانی هاوڕێیانی و بە بەشداری کەسایەتی و ڕۆشنبیران، بە موراڵی سلێمانی، لە تەنیشت دوکتۆر جەعفەر شەفیعی و سدیق کەمانگەر بوو بە میوانی گوردانی شوانی قارەمان.

ڕووداوی گیانبەختکردنی هاوڕێ غەزاڵ و شۆردن و ناشتنی، چەندین پرسیاری هێنایە گۆڕێ. من دادوەری لە مێشک و زەینی هیچکام لە ڕەخنەگران و ورووژێنەری ئەو پرسیارانە ناکەم، و هەموویان بە هەند وەر دەگرم.

هەربۆیە تێدەکۆشم، وەک هاوڕێیەکی غەزاڵ کە لە کۆمەڵە بەرپرسیارەتیم هەیە، وەڵامی ئەو چەند پرسیارەی کە لە سۆشیال میدیا بینیومە بدەمەوە:

* بۆچی بردرا بۆ نەخۆشخانەی بەخشین؟
* حیزبی سێکۆلار بۆچی لە مزگەوت گەڕا؟
* «شەهید»، شۆردنی بۆچییە؟
* ئایا مزگەوت ئامادەکرا؟
* بۆچی خەڵکی زۆر بەشداری ڕێوڕەسمی ناشتنەکەیان نەکرد؟
* بۆچی تەرمی غەزاڵ بە پیکاب گویزرایەوە؟
*ناشتنی تەرمی شەهید، گۆڕستانی بۆ چییه؟

یەکەم:
نەخۆشخانەی شۆڕش لە دامەزرانیەوە تا ئێستا، وەک نەخۆشخانەی پێشمەرگە و بەهاناچوون ناسراوە. بەتایبەتی بۆ ئێمە لە سنووری سلێمانی، وەک نەخۆشخانەی خۆمان چاومان لێکردووە. هەربۆیە، ئەگەر لای ئێمە ڕووداوێکی لەناکاو، وەک برینداری یان شتی لەو چەشنە ڕووبدات، خێرا ڕەوانەی ئەوێمان کردووە و وەڵاممان بینیوە.
بەڵام، بەداخەوە، ئەو شەوە لە حاڵەتی غەزاڵ وەک پێشوو نەبوو، و بۆ خۆیان هاوڕێیانی ئێمەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە ئەهلیەکان کرد. هەروەها، ئەو دوکتۆرە بەڕێزەش کە لەگەڵ غەزاڵ لە ناو ئامبۆلانسدا بوو، تەلەفوونی بۆ نەخۆشخانەکان کردووە.

دووهەم:
جەستەی غەزاڵ بەهۆی برینە زۆرەکانییەوە خەڵتان خوێن بووبوو. جگە لەوەش، تەنها جەستەی نەبوو، بەڵکوو سەر و قژی پڕبوو لە خاشاکی تەقینەوە و وردە پەلاستیک و ماددەی تر.
هەربۆیە، شۆردنەکەی نەک لەبەر دەستووری ئایینی و سونەت، بەڵکوو لەبەر ئەوە بوو کە بە پاکی و خاوێنی، لە کاتی نەبوونی خانەوادەکەی، بە خاکی پیرۆزی کوردستان بسپێردرێت.

سێیەم:
گوایا مزگەوت ئامادەکراوە و رەتکردنەوەی ئەو داوایە ڕاست نییە. بەپێی زانیارییەکان، مزگەوتی شێخ سەعیدی پیران ئامادەکراوە.
ئێمە ئەمە ڕەت ناکەینەوە، چونکە لە سلێمانی کەسانێکی زۆر بە پەرۆشەوە هەوڵیان داوە لە ڕێکخستن و ئەسپەردەکردندا بەشداری بکەن. دەتوانرێت ئەمە ڕاست بێت، بەڵام هاوڕێیانی ئێمە کە لەگەڵ تەرمەکە بوون، لەو هەوڵ و دڵسۆزییانە ئاگادار نەبوون.

چوارەم:
هەرچەند ئێمە ڕاگەیاندنمان نەدابوو کە تەرمەکە ئەنێژین، بەڵام خەڵکێکی زۆر ئامادەی بەشداریی بوون.
لە هەمان کاتدا، گۆڕستانی زڕگوێز کە پێشتر چەند شەهیدێکی ئێمە لەوێدا نێژرابوون، کرایە ئامانجی مووشەکی کۆماری ئیسلامی. پاشان، ئێمە ڕامانگەیاند کە ناینێژین،هەر بۆیە بە ژمارەیەکی کەم لە هاوڕێیان، لەگەڵ چەند جوامێرێکی سلێمانی و لە تەنیشت هاوڕێیانی گوردانی شوان، نێژرا.

پێنجەم:
لەبەر ئەوەی گواستنەوەی تەرمەکە زۆر ئاشکرا نەبێت، لە هیچ ئورگانێک یان لایەنێک داوای ئامبۆلانسمان نەکرد. بە باشمان زانی بۆ ڕەچاوکردنی دۆخی ئەمنی، بە ئۆتۆمبێلی ئاسایی تەرمەکە بگوازرێتەوە.

شەشەم:
ئەسپەردەکردنی تەرمی هاوڕێی گیانبەختکردوو غەزاڵ، لە تەنیشت دوکتۆر جەعفەر و کاک سدیق، وەک چالنجێکی جدی بوو بۆ ئێمە، و پێمان باش نەبوو خواستی کۆماری ئیسلامی سەر بگرێت.

کۆتایی:
لە کۆتاییدا، بەش بە حاڵی خۆم دەستی یەکە بە یەکەی ئەو خۆشک و برایانەی سلێمانی دەگووشم کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، بەو پەڕی لەخۆبردووییەوە لەگەڵ هاوڕێیانمان بوون.
هەروەها، ئەو دەنگۆ و هەوڵانەی کە ئەیانەوێت مەودایەک لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوور دروست بکەن، بە بوونیان پووچەڵ کرایەوە.

17 نیسان 2026 22:29
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026