ئێران گەرووی هورزمی داخستەوە
لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی بۆردوومانکردنەوەی ئێران دەکات، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای وڵاتەکە داخستنەوەی گەرووی هورمزی ڕاگەیاند.
ئێران دووبارە گەرووی هورمزی داخستەوە و ئەمریکای بە "چەتەیی دەریا" تۆمەتبار کرد.
ئەمڕۆ شەممە، ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لەژێر پاساوی گەمارۆ، چەندین جار بەڵێنەکانی شکاندووە و لە "چەتەیی دەریا" بەردەوام بووە، بۆیە هاتووچۆی گەرووی هورمز دەچێتەوە دۆخی پێشووی، واتە دایدەخەنەوە.
پێشووتر تاران رێگەی بە تێپەڕبوونی کەشتییە بازرگانییەکان دابوو، بەڵام ئێستا هێزە چەکدارەکانی ئێران کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەکەیان گرتووەتە دەست، رێگە بە تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە ئاوی ناوچەکەدا نادرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە داتای هاتووچۆی کەشتیوانی ڕایگەیاند، کاروانێکی کەشتی نەوتهەڵگر بینراون، کە لە کەنداو دەردەچن و بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن.
لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، هەواڵیان پێگەیشتووە کە هەموو شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر باش دەڕوات، دانوستانەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن، بەڵام ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە 24-4-2026 لەگەڵ ئێران نەگەنە ڕێککەوتن، دەست بە بۆردوومانکردنی وڵاتەکە دەکەنەوە.