ترەمپ دوا مۆڵەت بە ئێران دەدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەرهێنانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بە مەرجی سەرەکی دانوستان دادەنێت.
سەرۆکی ئەمریکا بە گەشبینییەوە ئاماژەی بە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران دا و جەختی لە دەرهێنانی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران کردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لە فینێکسی ویلایەتی ئەریزۆنا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕایگەیاند، لەوانەیە ئاگربەست درێژ نەکەنەوە و ئەگەر تا ڕۆژی چوارشەممە 24-4-2026 لەگەڵ ئێران نەگەنە ڕێککەوتن، دەست بە بۆردوومانکردنی وڵاتەکە دەکەنەوە.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ترەمپ بە گەشبینییەوە لە دانوستانی ڕووانی گووتی: "20 خوولەک لەمەوبەر هەواڵمان پێگەیشت هەموو شتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر باش دەڕوات، دانوستانەکان تا کۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام دەبن."
لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، "ئامانجی سەرەکی دانوستان بۆ ڕێگریکردنە لەم چەکە."
لە پرسیاری "ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت چی ڕوودەدات؟"، ترەمپ گووتی: "دەچین یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە لە ئێران دەردەهێنین، ئەگەر ڕێكکەوتنیش نەکرا، کێشەکە بە ڕێگەی دیکەی چارەسەر دەکەین."
سەبارەت بە چارەنووسی گەرووی هورمز، لە وەڵامی ئەوەی کەی گەمارۆی گەرووی هورمز کۆتایی پێدێت؟ ترەمپ جەختی کردەوە، "کاتێک رێککەوتنەکە واژۆ کرا، گەمارۆکەش کۆتایی پێدێت. هەر کە رێککەوتنەکە واژۆ کرا، دەستبەجێ گەمارۆکە لادەبرێت. کاتی کۆتاییهاتنی گەمارۆکە، کاتی واژۆکردنی رێککەوتنەکەیە."
لە وەڵامی ئەم قسانەی ترەمپ، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند، "سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی یەک کاتژمێردا بانگەشەی بۆ حەوت شت کرد کە هەر حەوتەکەیان درۆن." گوتیشی، "تێپەڕین بەگەرووی هورمز بە مۆڵەتی ئێران دەبێت و بەبەردەوامبوونی گەماڕۆکان گەرووی هورمز بە کراوەیی نامێنێتەوە."