مەسرور بارزانی داوای کۆتایی هێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە دەکات
مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزەی لە وەزیری ناوخۆی ئەمریکا کرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆگ بورگوم وەزیری ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، گفتوگۆیان کرد.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: گفتوگۆمان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزە کرد.
لە پەوەندییەکەدا، بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا، پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی.
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزە کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.