ئێران دوو کەشتی نەوتهەڵگری هیندستانی بە تەقەکردن گەڕاندەوە
موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنان دەکات و سوپای پاسدارانیش هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکانی وڵاتان.
لەدوای داخستنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە، سوپای پاسداران بە زەبری هێز کەشتییە نەوتهەڵگرەکان دەگەڕێنێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری سێ سەرچاوی ئاسایش و هاتووچۆی دەریایی ڕایگەیاند، سوپای پاسدران تەقەی لە دوو کەشتی نەوتهەڵگری هیندستانی کردووە، کاتێک ویستوویانە لە گەرووی هورمز تێپەڕن. هەردوو کەشتییەکە 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی عێراقیان هەڵگرتبوو.
لەهەمان کاتدا، موجتەبا خامنیەیی، ڕێبەری باڵای ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئامادەیی هێزی دەریایی وڵاتەکەی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن دووپات کردەوە، ڕاشیگەیاند: "هەروەک چۆن فرۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای ئێران وەک بروسکە لە ئەمریکا و بکوژە زایۆنیستەکان دەدەن، هێزە دەریاییە بوێرەکەشی ئامادەیە شکستە تاڵە نوێیەکان بەسەر دوژمنەکانیدا بسەپێنێت."
هێرشەکانی سوپای پاسداران بۆ سەر ئەم دوو کەشتییە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم زولفەقاری، گوتەبێژی خاتەمولئەنبیای ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لەژێر پاساوی گەمارۆ، چەندین جار بەڵێنەکانی شکاندووە و لە "چەتەیی دەریا" بەردەوام بووە، بۆیە هاتووچۆی گەرووی هورمز دەچێتەوە دۆخی پێشووی، واتە دایدەخەنەوە.
لە ئێستادا سەرجەم میدیاکانی جیهان چاوەڕوانی هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکان بەرامبەر دواین پێشهاتەکان لە گەرووی هورمز. سەرەڕای گەشبینی ترەمپ بە دانوستان، وردە وردە ئەگەری ڕێککەوتن کەم دەبێتەوە و ناوبراو جەختیشی کردووەتەوە، کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، دەست بە بۆردوومانکردنی ئێران دەکەنەوە.