چیرۆکی ناخهەژێنی دوو منداڵی کورد
تۆپێکی لاستیکی منداڵان، بووەتە شاهێدی شەهیدبوونی دوو منداڵی سلێمانی لە سەردەمی ڕژێمی بەعس و تا ئێستا وەک خۆی ماوەتەوە.
تۆپێکی لاستیکی کە ئێستا تۆز و مێژوو ڕەنگیان گۆڕیوە، هێشتا وەک شاھیدێکی زیندوو ماوەتەوە. ئەم تۆپە تەنها ئامرازێکی یاری نەبووە، بەڵکو گێڕانەوەی چیرۆکی دوو برا و نیشتمانێکە کە بە خوێن نەخشێنراوە.
ساڵی 1991 بوو؛ ساڵی ڕاپەڕین و ساڵی کۆچ و ڕەو. لە ناو جەنجاڵی و ترس و دڵەڕاوکێی ئەو ڕۆژانەدا، دوو برا بە ناوەکانی عەلی و عوسمان، کە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 13 ساڵان بوو، لە ئامێزی خێزانەکەیان جیا بوونەوە. لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانی، بە تەنیا لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کەسوکاریان مانەوە.
لەو کاتەدا کە ئاسمانی شار بە دەنگی ترسناکی فڕۆکەکانی بەعس داگیرکرابوو، ژمارەیەک پێشمەرگەی گیانفیدا لەو ناوچەیە دەردەکەون و بە چەکەکانیان وەڵامی هێرشی فڕۆکەکان دەدەنەوە. عەلی و عوسمان، بەو دڵە بچووکە و ئازایەتییە گەورەیەی هەیانبوو، نەیانتوانی تەنها بینەربن، ئەوان بە دالاسیکەکانی (قۆچەقانی) دەستیانەوە، بەردیان دەگرتە ئەو فڕۆکە ئاسنینانەی کە مەرگیان بەسەر شاردا دەباراند.
ئەو دوو منداڵە بە بەردەکانیان دەیانویست بەرگری لەو خاکە بکەن کە یارییان لەسەر دەکرد. بەڵام دوژمنی بێبەزەیی، جیاوازی لە نێوان چەکی پێشمەرگە و دالاسیکەی منداڵێکدا نەدەکرد. شوێنەکە بە خەستی بۆردومان کرا و عەلی و عوسمان لەوێدا چوونە ڕیزی کاروانی نەمران و شەهید بوون.
ئێستا زیاتر لە 30 ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە. عەلی و عوسمان نەمان، بەڵام ئەم تۆپەی ئەوان هێشتا ماوە. ئەم تۆپە تەنها یارییەکی منداڵانە نییە، بەڵکو سیمبوڵی بێتاوانی و ئەو مەزڵومیەتەیە کە گەلی ئێمە تێیدا ژیاوە. هەرکەسێک سەیری ئەم تۆپە بکات، دەنگدانەوەی پێکەنینی ئەو دوو برایەی لە گوێدا دەزرینگێتەوە کە یارییان پێدەکرد، پێش ئەوەی ببنە پارێزەری خاک و بەرد بگرنە فڕۆکەکانی ستەم.
ڕەنگە خاوەنەکانی ئەم تۆپە شەهید بووبن، بەڵام یادگارییەکەیان هەمیشە وەک ئەم تۆپە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.