ڕێگەیان نەدا تەرمی شەهید غەزال مەولان بنێژرێت
د.هەردی مەهدی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی وتارێکی لەسەر شەهیدکردنی کچە پێشمەرگەکە و ڕێگریکردن لە ناشتنی تەرمەکەی بڵاوکردەوە.
دوای ئەوەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی غەزال مەولانیان وەرنەگرت و بوونە هۆکاری شەهیدبوونی، تەنانەت ڕێگری لە ناشتنی تەرمەکەشی دەکرێت.
ڕۆژی سێشەممە 14ـی 4ـی 2026، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەمپی سوورداش سەربە پارێزگاری سلێمانی، لە ئەنجامدا غەزال مەولان، کچە پێشمەرگە دوای برینداربوونی شەهید بوو.
دەقی وتارەکەی د.هەردی مەهدی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی:
"لەوەش تاڵتر ئەوەبوو، ئەمڕۆ وەک بڕیار بوو ڕۆشتین لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد هیندی لە سلێمانی تەرمی شەهید غەزەڵ سەعات ٢ی نیوەڕۆ بە خاک بسپێرین، پێش گەیشتنمان هێرشیانکردە سەرگۆڕستانی زڕگوێزەڵە وایان زانی بوو لەوێ دەینێژن، دواییش کە زانییان لە گۆڕستانەکەی دیکەیە وتیان نابێت لێرەش بنێژرێ و پێمان ڕاگەیەنرا بڵاوەی لێبکەین و ئێستا نانێژرێت و مەراسیمیشی بۆ ناکرێت. ئیتر گۆڕی هەڵکەندراومان بە بەتاڵی جێهێشت. ڕۆحی هەموو شەهیدان شاد و ئیتر وان لە هەموو شتێک دەترسن.
لەگەڵ هاوڕێم Azeez Raouf Abdulazeez کە لەوێ خەمی شەهید کۆیکردینەوە جارێکی دی، بە دڵێکی پڕ و هەست بەتەنیایی و بێکەسیی ڕۆژهەڵات و خۆمانەوە گۆڕستانەکە و گۆڕی چۆڵی شەهید غەزەلمان جێهێشت".