وەزارەتی تەندروستی لەسەر وەرنەگرتنی غەزەل مەولان ڕوونکردنەوە دەدات
نەخۆشخانەی بەخشین لەسەر کچە شەهیدەکە بە سزای خۆیان دەگەن
وەزارەتی تەندروستی لەسەر وەرنەگرتنی غەزەل مەولان، سزای تووندی سەرپێچیکاران دەدات و ئاماژە بەوە دەدات، دامودەزگاکانی تەندروستی نابێت بکەونە ژێر هیچ گوشار و نیازێکی سیاسی.
کەمێک لەمەوبەر وەزارەتی تەندروستی ڕاگەیەندراوێکی بڵاویکردەوە، دوابەدوای ڕەوانەکردنی بریندار 'غەزال مەولان' لە نەخۆشخانەی شۆڕشی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە، بۆ نەخۆشخانەی بەخشینی کەرتی تایبەت و ئەنجامنەدانی ڕێککاری پزیشکی و وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانە و دەرەنجام گیان لەدەستدانی.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوە دەدات، ڕاستەوخۆ لەگەڵ تەندروستی سلێمانی لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ داواکاری گشتی پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆش ژمارە 4 ی ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوە ژمارە 16ی ساڵی 2022، ڕاسپاردەکراون بۆ لێکۆڵینەوەکردن بۆ ئەم دۆسیەیە بۆ ئاشکراکردن و دڵنیابوونەوە لەتەواوی ڕاستیەکانی ئەم ڕوداوە.
وەزارەتی تەندروستی جەخت لەوە دەکاتەوە، لێکۆڵینەوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی و بەسزا گەیاندنی سەرپێچیکاران کە بەدڵنیایی جێگای قەبووڵکردن نیە و ڕێکاری پێویست دەگیرێتەبەر.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، دامودەزگاکانی تەندروستی هەمیشە پێویستە بە ئەرکی مرۆڤانەی پاراستنی گیانی هەرکەسێک هەڵبستن و نابێت بکەونە ژێر هیچ گوشار و نیازێکی سیاسی.
ڕۆژی سێشەمممە 14ـی 4ـی 2026، بە درۆنێکی بۆمپڕێژکراو هێرشکرایە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە بارەگای سوورداش سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا سێ کەس برینداربوون و کچە پێشمەرگەیەکیش دوای برینداربوونی شەهیدبوو.
غەزەل مەولان، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەت کێشانی کوردستان تەمەنی 18 ساڵان بوو، خەڵکی ڕۆژەهەڵاتی کوردستان و ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنابوو، بەهۆی وەرنەگرتنی لە نەخۆشخانەی بەخشین گیانی سپارد و شەهیدبوو.