قوباد تاڵەبانی بەرپرسە لە وەرنەگرتنی غەزال مەولانی
هۆکاری شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشكرا بوو و دەرکەوت، قوباد تاڵەبانی دەستی تێدا بووە
لەسەر دەستی قوباد تاڵەبانی، هیچ نەخۆشخانەیەکی سلێمانی ئامادە نەبوو غەزال مەولانی وەربگرێت، تەواوی وردەکاریی شەهیدبوونی کچە پێشمەرگەکە بزانە.
ڕۆژی سێشەممە 14ـی 4ـی 2026، بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە کەمپی سوورداش سەربە پارێزگاری سلێمانی، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە بریندار و یەکێکیان شەهید بوو.
لێرەوە چیرۆکی برینداربوون و شەهیدبوونی غەزال مەولانی، کچە پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان بزانە؛ بەگووتەی ئەمجەد حسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان: "کاتێک غەزال بریندار بوو هاوڕێیان بردوویانەتە نەخۆشخانەکانی سلێمانی هەروەک 'شۆڕش، ئاسیا، بەخشین، فاڕوق' سەرەتا گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شۆڕش لەوێ چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە بەڵام بە بیانووی ئەوەی کەرستەی پێویستیان نییە تەنانەت قەرەوێڵەی بەتاڵیان نییە بەڕێیان کردووە".
غەزال مەولان، تەمەنی 19 ساڵان بووە و خەڵکی شاری مەهاباد، پێشمەرگەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشان.
هاوکات دواتر بردراوەتە نەخۆشخانەی تایبەتی بەخشین، سەرەتا گووتویانە وەریدەگرین و چارەسەری دەکەین بەڵام کاتێک زانیویانە کەیسەکە سیاسییە پەیوەندییان بە بەڕێوبەری نەخۆشخانەکەوە گرتووە ڕەتیان کردەوە کە وەریبگرن.
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئاشکرای کردووە، دوای ئەوەی نەخۆشخانەی بەخشین رەتی دەکەنەوە هەوڵ دەدەین بیگەیەننە نەخۆشخانەی تایبەتی فاڕوق، بەڵام دۆخی تەندروستی غەزال لەناو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن خراپتر بووە و لێدانی دڵی نزمتر بۆوە، سەرەنجام بەر لەوەی بگەیەندرێتە نەخۆشخانەی فاروق گیانی سپارد.
دوای ئاشکرابوونی ڕەتکردنەوەی نەخۆشخانەکان و شەهیدبوونی غەزال مەولان، نووسەران و ڕووناکبیران ڕەخنەی تووندیان ئاڕاستەی بەرپرسانی شارەکە بەتایبەتی قوباد تاڵەبانی کە بەرپرسی یەکەمی سلێمانییە گرت، لە وەرنەگرتنی غەزال مەولان و شەهیدبوونی.
لای خۆیەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سلێمانی، ئەم دەنگۆیانە ڕەت دەکەنەوە کە سەردانی ئەوان کرابێت، هەروەها بەشێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێن: "کە ئێمە فەرمانمان پێکراوە کە حاڵەتی بریندار ئەگەر پۆلیسی لەگەڵ نەبوو وەرینەگرین یاسایی نییە".