كەركووک قەیوم دەكرێت
قەیوم بەو واتایە دێت، كەسێك لە هەڵبژاردندا بەدەنگی خەڵك دەبێتە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام وەزارەتی ناوەخۆ بەهۆكاری جیا لەكارەكەی دووری دەخاتەوە و فەرمانبەرێكی دەوڵەت دەخاتە شوێنی، ئەمەش واتە ئیرادەی دەنگدەریان بەهیچ حیساب كردوە و پڕۆسەیەكی تەواو نادیموكراتی و نایاساییە.
كەركووک قەیوم دەكرێت
وتار: كارزان گلی، نووسەر
چەمكی قەیوم، لەناو میدیای باشوور بوونی نەبوو، تا ئەوكاتەی دەیان شارەوانیی سەر بە هەدەپە لە ٢٠١٩ قەیوم كران، ئیدی ئەو وشەیە بوە مانشێتی زۆربەی سایت و تەلەڤزیۆنەكانی باشوور و گرنگیان پێدا.
قەیوم بەو واتایە دێت، كەسێك لە هەڵبژاردندا بەدەنگی خەڵك دەبێتە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام وەزارەتی ناوەخۆ بەهۆكاری جیا لەكارەكەی دووری دەخاتەوە و فەرمانبەرێكی دەوڵەت دەخاتە شوێنی، ئەمەش واتە ئیرادەی دەنگدەریان بەهیچ حیساب كردوە و پڕۆسەیەكی تەواو نادیموكراتی و نایاساییە.
بۆ نموونە ئەحمەد تورك، بەدەنگی زیاتر لە ٥٥٪ی دەنگدەری خەڵكی مێردین بووە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام حكوومەتی توركیا بەتۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكەیە قەیومی كرد. هەروەها ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئیستانبۆڵ، ملیۆنان دەنگی دەنگدەری ئیستانبۆڵی بەدەست هێنا و بووە سەرۆكی شارەوانیی، بەڵام چونكە ركابەرێكی سەرسەختی رەجەب تەییب ئەردۆغان بوو بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە شارەوانیی كردووە قەیوم كرا و كەسێكی تریان لە شوێنی دانا.
دەستپێلەكاركێشانەوەی پارێزگاری كەركووك، ئەگەرچی ناوی گۆڕینەوەی پۆستی لێدەنرێت، یان رێككەوتن، بەڵام ئەمە قەیومە و غەدرێكی گەورە و نایاساییە بەرامبەر بە رێبوار تەها و دەنگدەری كەركووك دەكرێت، بەڵام قەیومەكە جیاوازە و لە هیچ شوێنێكی دونیادا بوونی نییە، لەمەدا چەند بەرپرسێكی یەكێتی دەبێتە نموونەی قەیومی لەو شێوەیە.
لە توركیا و وڵاتە نادیموكراتییەكاندا هەمیشە ئەوانەی ركابەری لەگەڵ دەسەڵات دەكەن و جەماوەرێكی زۆریان هەیە و دەسەڵات لێیان دەترسێت رۆژێك بگەنە لوتكەی دەسەڵات، بۆیە قەیومیان دەكەن و كەسێكی نزیكی خۆیان لە شوێنیان دادەنێن، بەڵام ئەمەی چەند بەرپرسێكی ناو یەكێتی لە كەركووك دەیكات، زۆر جیاوازە و خۆكووژییە، پارێزگار لە حیزبی خۆیانە و دێن قەیومی لەسەر دادەنێن و كەسێك دەخەنە شوێنی سەر بە پارتێكی رەگەزپەرستی توركمانییە، كە بەهەموو شێوەیەك كورد لە كەركووك رەتدەكەنەوە و پەیوەستییەكی تەواویان لەگەڵ مەهەپەی رەگەزپەرستدا هەیە.
رێبوار تەها، بەدەنگی زیاتر لە ٢٩ هەزار دەنگدەری كەركووك بووەتە پارێزگار، تۆ دێیت ئیرادەی ئەو دەنگدەرانە دەخەیتە ژێر پێت و بەبێ ئەوەی لەسەر گەندەڵی یان خیانەت و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات قەیومی بكەیت، تەنیا لەبەرامبەر گۆڕینەوەی پۆستێكی بێدەسەڵات، خۆكووژی دەكەیت و كەركووك لەدەستی كورد دەردەهێنیت، ئەمە هیچ پاساوێك هەڵناگرێت.
ئەوەی بەسەر رێبواردا هاتووە، لە ٢٠١٦ هەمان سیناریۆ بەسەر ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیادا هات، كاتێك بەدەنگی گەل بووە سەرۆك وەزیران، بەڵام چونكە نەیدەهێشت ئیرادەی بشكێنرێت و بەگوێی ئەردۆغانی نەدەكرد، بۆیە ئەردۆغان بانگی كۆشكی كرد و بەزۆر دەستیپێلەكار كێشایەوە، رێبواریش بەهەمان شێوە و بەبێ ئیرادەی خۆی، دەستیپێلەكار دەكێشنەوە، بەڵام نازانرێت رێبوار وەكوو داودئۆغڵو هەڵوێستی دەبێت و لە یەكێتی جیا دەبێتەوە، یان هەر دەڵێت ئەندامی ئەو پارتەم و لەژێر فەرمانی سەرۆكی پارتەكەمم.
داودئۆغڵو نەیگوت (لبیك ئەردۆغان لبیك)، لە ئاكەپە جیا بووەوە و پارتێكی تازەی دامەزراند، بۆیە رێبوار لەبەردەم چەندین سیناریۆی قورسدایە.
كەركووك هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستاندا نییە، بگرە قورسایی زیاترە، چونكە خاكێكی داگیركراوی كوردستانە، بۆیە دەبێت كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و وڵاتانی ئەورووپا بڕژێنە سەر شەقام و دژی قەیومكردنی پارێزگاری كەركووك بوەستنەوە، چونكە دەبێت بەقوڵی بیربكەینەوە، كەركووك لەدەست بچێت، هەرێمی كوردستانیش دەكەوێتە مەترسییەوە، وەكوو چۆن لە داگیركردنی عەفرین بێدەنگ بوین و كەركووك لەدەست چوو و ١٦ی ئۆكتۆبەری بەدواداهات، لەم ساتە هەستیارەدا كە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانی بەسەردا دێت، خۆمان خاكی خۆمان بدەینە نەیارەكانمان، وڵاتانی زلهێزیش بوێری ئەوەیان دەبێت لەگۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتمان تێبكەن و شوێنمان بۆ نەكەنەوە.
تێبینی: یەكێتی خاوەن جەماوەر و خەبات و هەزاران شەهیدە، بۆیە كاتێك رەخە یان شڕۆڤەیەك دەكەن لەبارەی قەیومكردنی پارێزگاری كەركووك، ناكرێت بڵێین یەكێتی كەركووكی فرۆشت، یان كەركووكی رادەستی توركمان كرد، بەڵكوو دەبێت بڵێین چەند كەسێكی ناو ئەو پارتەن و ناكرێت بەسەر هەموو یەكێتیدا گشتاندنی پێ بكەیت.