سەرۆک بارزانی: لەگەڵ ئەوەدا نین یاری بە چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت
سەرۆک بارزانی پەیامێکی تووندی لەسەر پێدانی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە تورکمان بڵاوکردەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕی لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بکرێت، سەرۆک بارزانی لەمبارەیەوە دەڵێت: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوە دانین، یاری بە دەنگدەران بکرێت.
کەمێک لەمەوبەر بارەگای بارزانی لەسەر پرسی پارێزگای كەركووك بڵاویکردەوە: "ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە".
سەرۆك بارزانی ئەوەشی جەختی لەوە کردەوە: "بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت".
بڕیارە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەنگدان بە ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری کەرکووک ئەنجام بکرێت، هەروەها فراکسیۆنی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکەی کردووە.