پایتەخت

ڕۆیتەرز: ئەمریکا گەرووی هورمزی بەتەواوی گەمارۆ دا

ڕۆیتەرز: ئەمریکا گەرووی هورمزی بەتەواوی گەمارۆ دا
کورتە

هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی هەموو جۆرە بازرگانییەکی ئابوورییان، کە لە رێگەی دەریاوە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران دەکرا، راگرت.

دوای کەمتر لە 36 کاتژمێر لە جێبەجێکردنی فەرمانەکە، ئەمریکا گەمارۆی تەواوی گەرووی هورمزی دا و ترەمپیش پێشبینی ڕێککەوتن دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوە ئەمریکییەکانەوە ئاشکرای کرد، هێزی دەریایی ئەمریکا گەرووی هورمزی بەتەواوی گەمارۆ دا و هاتووچۆی بازرگانی لە گەرووەکە ڕاگرت. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران لەم هەفتەیە دابوو.

لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێت: "لە کەمتر لە 36 کاژمێردا لە جێبەجێکردنی فەرمانی گەمارۆکەوە، هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوەتی هەموو جۆرە بازرگانییەکی ئابوورییان، کە لە رێگەی دەریاوە بۆ ناوەوە و دەرەوەی ئێران دەکرا، ڕاگرتووە. نزیكەی 90%ی ئابووریی ئێران پشت بە بازرگانیی نێودەوڵەتی لە رێگەی دەریاوە دەبەستێت.

ڕۆیتەرز ئاماژەی بە چاوپێکەوتنەکەی ئەمڕۆی ترەمپ لەگەڵ کەناڵی ئەی بی سی نیوز داوە، کە تێیدا دەڵێت: "پێموایە دوو ڕۆژی داهاتوو سەرنجڕاکێش دەبن، بۆیە پێموانییە پێویست بکات ئاگربەستە دوو هەفتەییەکە درێژ بکرێتەوە." کە لە 21-4-2026 کۆتایی پێ دێت.

ترەمپ دەڵێت: "دەکرێت ئەم دوو ڕۆژ بە دەستپێکردنەوەی جەنگ یان بە دانوستان کۆتایی بێت، بەڵام ڕێککەوتن باشترە چونکە ئێران بەهۆیەوە دەتوانێت خۆی بنیات بنێتەوە، ئێستا ئەوان ڕژێمێکی جیاوازییان هەیە و هەرچییەک بێت، ئێمە تووندڕەکانمان لەناوبردوون."

15 نیسان 2026 10:19
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026