پایتەخت

ساڵی نوێی خوێندن بە سیمایەکی نوێوە دەستپێدەکات

ساڵی نوێی خوێندن بە سیمایەکی نوێوە دەستپێدەکات
کورتە

وه‌زاره‌تی پەروەردە بڕیارێکی نوێ و گشتگیر سەبارەت بە لۆگۆ، فۆنت و یەکپۆشی ناوەندەکانی خوێندن دەردەکات.

وەزارەتی پەروەردە، لە بڕیارێکی نوێدا کە به‌ واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە دەرچووە، چەند گۆڕانکارییەک و ڕێنماییەکی نوێی بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027 ڕاگەیاند. بڕیارەکان تایبەتن بە گۆڕینی دیزاینی لۆگۆی وەزارەت و پابەندکردنی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە یەکپۆشی و شێوازێکی دیاریکراوی تابلۆکان.

 

ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ نووسراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، گۆڕانکاری لە دیزاینی لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە کراوە و جەختکراوەتەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ڕەنگ، پێکهاتە یان ڕەهەندەکانی لۆگۆکە بکرێت. هەروەها، پێویستە لە تابلۆکان و لۆگۆکاندا تەنها فۆنتی (PARWARDA-2026) بەکاربهێنرێت و هیچ جۆرە فۆنتێکی دیکە ڕێگەپێدراو نییە.

 

وەزارەت نووسیویه‌تی، بۆ ساڵی خوێندنی 2026 – 2027، پێویستە تابلۆی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (حکومی و ناحکومی) بەم شێوەیە بێت: 1- لۆگۆی وەزارەتی پەروەردە لە دەستە ڕاست. 2- لۆگۆی حکومەت لە ناوەڕاست. 3- لۆگۆی ناوەندی خوێندن لە دەستە چەپ. 4- ناوی ناوەندی خوێندنەکە لە ژێر لۆگۆکان دەنووسرێت.

 

به‌پێی نووسراوه‌كه‌، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بڕیاریداوه‌ ستایلی جلوبەرگی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن (حکومی و ناحکومی) یەکبخرێت. لۆگۆی خوێندنگاکان تەنها لەسەر سنگ (لای چەپ) یان پشتەوەی جلەکە دەبێت و نابێت بە شێوەی جیاواز دیزاین بکرێت، ئەمەش بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی سیمای ناوەندەکانی خوێندن.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، ئەم بڕیارانە لە ڕێکەوتی دەرچوونی نووسراوەکەوە 13ی نیسانی 2026 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ڕاسپێردراون بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە.

 

 

 

 

 

 

13 نیسان 2026 17:22
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026