جەژنی ئەمساڵی ئێزدییان بێ مەراسیم دەبێت
لالش لە جەژندا چۆڵ دەبێت؛ ئەنجوومەنی ڕۆحانی هۆکارەکەی ئاشکرا کرد.
ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییان بڕیاری دا بەهۆی بارودۆخی ئێستا و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، سەرجەم ڕێوڕەسمەکانی جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان لە پەرستگای لالش ڕابگیردرێن.
ئهمڕۆ ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییان لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، بەهۆی بارودۆخی ئێستا و لەپێناو سەلامەتی گشتی، ئەمساڵ هیچ مەراسیم و گردبوونەوەیەک بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵەوە لە پەرستگای لالش ئەنجام نادرێت.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی دراوە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی ئێزدی. هاوکات ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان نادرێت بۆ ڕووماڵکردنی ناو پەرستگاکە و دەوروبەری.
ئهمه لهكاتێكدایه، جەژنی سەری ساڵی ئێزدییان 'چوارشەممە سوور' دهكهوێته 15ی ئەم مانگە، ساڵانە بە مەراسیمی گەورە و بە ئامادەبوونی هەزاران کەس لە لالش بهڕێوهدهچێت، بەڵام بۆ ئەمساڵ ڕێوڕەسمەکان تەنیا لەناو ماڵەکاندا و بە سنوورداری ئهنجام دهدرێت.