وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ترەمپ تاوتوێی هێرشی سەربازی سنووردار دەکات
تا دێت ئەگەری شکاندنی ئاگربەست زیاتر دەبێت و ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ زانیاری نەبیستراوی لەسەر هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئاشكرا کردووە.
هەر لە دوای شکستهێنانی دانوستان لەگەڵ ئێران، سەرۆکی ئەمریکا بیر لە هێرشی سەربازی دەکاتەوە و ئەگەری شکاندنی ئاگربەست هەیە.
ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری ئەو بەرپرسانەی ئاشناییان بە پلەکانی هێرشکردنی ئەمریکا هەیە، ئاشكرای کردووە، لەگەڵ فەرمانی گەمارۆدانی گەرووی هورمز لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕاوێژکارەکانی تاوتێی "هێرشێکی سنوورداری سەربازی" بۆ سەر ئێران دەکەن بۆ ئەوەی بنبەستی دانوستان بشکێنن.
بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، ترەمپ چەند کاتژمێرێک دوای شکستهێنانی دانوستان لەگەڵ ئێران دەستبەجێ دەستی بە تاوتوێ ئەم هەڵبژاردەیە کردووە.
جگە لە هیرشی سەربازی، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە هەڵبژاردەی دیکە لەلایەن ترەمپەوە داوە، وەک دەستپێکردنەوەی بۆردوومانە بەرفراوانەکانی بەر لە ئاگربەست، بەڵام بەهۆی ڕقی ترەمپ لە جەنگی درێژخایەن، ئەم هەڵبژاردەیە ئەگەری کەمە. هاوکات ترەمپ دەتوانێت بەردەوام بێت لە گەمارۆدانی گەرووی هورمز و فشار لە وڵاتانی هاوپەیمان بکات، هاوبەشی ئەمریکا بکەن لە هێرشێکی درێژخایەن لە گەرووەکە.
تاوتوێکردنی هێرشی سەربازی لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە 12-4-2026 فەرماندەی ناوەندیی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر دەست دەکەن بە گەمارۆدانی سەرجەم بەندەرەکانی ئێران.