پایتەخت

هاکان فیدان: پێشبینی دەکرێت ئاگربەست بۆ 45 تا 60 ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە

هاکان فیدان: پێشبینی دەکرێت ئاگربەست بۆ 45 تا 60 ڕۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە
کورتە

لە کاتێکدا ترەمپ دەڵێت ئێوارەی ئەمڕۆ گەرووی هورمز گەمارۆ دەدەن، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری لە کردنەوەی گەرووەکە بە زەبری هێز دەدات.

پێچەوانەی پێشبینییەکانی شکاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی جەنگ، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژە بە درێژکردنەوەی دەدات.

ئەمڕۆ دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ ڕایگەیاند, کاتێک ڕەچاوی ئەو بابەتانە دەکەیت کە گفتوگۆ و دانوستانیان لەسەر دەکرێت، "واقعیانە نییە پێشبینی بکەین" لە ماوەی تەنیا 15 ڕۆژدا ڕێککەوتن بکرێت.

هاکان فیدان هۆشداری دەدات، کە ئەگەر هەردوولا (ئەمریکا و ئێران) پێشکەوتنێکی باش لە گفتوگۆکان بکەن، ئەگەری هەیە درێژکردنەوەی ئاگربەست ببێتە بەرنامەی کار و بۆ 45 تا 60 ڕۆژ درێژ بکرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی دانوستانەکان بەردەوام بن و هەر لەو ماوەیەشدا کێشەکان چارەسەر بکرێن.

ئەم وەزیرە هۆشداری لە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ڕێگەی هێزەوە دا و جەختی کردەوە، کە سەقامگیری هاتووچۆ لە گەرووی هورمز بە زەبری هێز بەدەست نایەت، "ئێمە دەمانەوێت لە ڕێگەی ئاشتییەوە بکرێتەوە"؛ ئەم قسانەشی لە کاتێکدایە، ترەمپ دەستکردن بە گەمارۆدانی گەرووی هورمزی لە کاتژمێر 5:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 13-4-2026 بە کاتی هەولێر ڕاگەیاندووە.

لە درێژەی قسەکانیدا وەزیری دەرەوەی تورکیا  ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی لە ناوچەکە کرد و گووتی: "داگیرکردنی ناوچەی زیاتر هەردەم ئامانجی ئیسرائیل بووە، وڵاتەکە چاوەڕوانی دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی ئەم ئامانجانەی بەدی بهێنێت و لە دوای ڕووداوەکەی 27ـی ئۆکتۆبەر لە غەززە، ئەم هەلەی بۆ رەخسا. "بەم پێیە ئیسرائیل هەوڵی ئاسایش و سەقامگیری نادات، تەنیا هەوڵی داگیرکردنی ناوچەی زیاتر دەدات، لە ژێر پەردەی پێویستی "سەقامگری" هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەدات."

13 نیسان 2026 13:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026