پایتەخت

کەناڵی سی ئێن ئێن: گرژی کەوتە نێوان ترەمپ و نەتەنیاهو

کەناڵی سی ئێن ئێن: گرژی کەوتە نێوان ترەمپ و نەتەنیاهو
کورتە

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، ترەمپ و نەتەنیاهو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "تووند"ـیان لەسەر پرسی لوبنان کردووە.

لەسەر پرسی ئاگربەست لە لوبنان، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هاوڕا نین و دەنگۆی دروستبوونی لێکترازان لە نێوانیاندا بڵاوبووەتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری سەرچاوەیەکی هاوبەشی ئەمریکا/ئیسرائیل ئاشكرای کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین نەتەنیاهو، سەرکوەزیرانی ئیسرائیل پەیوەندییەکی تەلەفۆنی "تووند"ـیان هەبووە.

بەگوێرەی ئەم سەرچاوەیە، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهو کەمێک بەر لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیسرائیل هاتووە، کە گووتیان هەفتەی داهاتوو هەوڵی ئاگربەستی ڕاستەوخۆ لە لوبنان دەدەن.

سەرچاوە ئیسرائیلییەکە بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە، نەتەنیاهو تێگەیشتووە لەوەی ئەگەر داوای دانوستانی لە لوبنان نەکردبا، ئەوا ترەمپ بەبێ گوێپێدان ئاگربەستی لە لوبنان ڕادەگەیاند.

ئەمە سێیەم پەیوەندییە لە نێوان ئەم دوو سەرۆکە لەم هەفتەیەدا، کە پرسی لوبنانی لەخۆ گرتووە؛ هەفتەی ڕابردوو بەر لە ڕاگەیاندنی ئاگربەستە دوو هەفتەیەکی ئێران، نەتەنیاهو بە تەلەفۆن فشاری لە ترەمپ کردبوو تا لوبنان نەبێتە بەشێک لە ئاگربەست.

بەگوێرەی کەناڵی سی ئێن ئێن ڕۆژی دواتر، ترەمپ داوای لە نەتەنیاهو کردبوو هێرشەکانیان بۆ سەر حزبوڵڵا لە لوبنان کەم بکەنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرپرسانی تەندروستی لوبنان کوژرانی 303 کەسیان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل ڕاگەیاند.

لە بەرامبەر ئەم دەنگۆیانە، نووسیگەی نەتەنیاهو دەنگۆی پەیوەندی "تووند"ـی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوی بە هەواڵی "ساختە" و پەیوەندییەکەی بەشێوەیەکی "هاوڕێیانە" وەسف کرد. "هەردوو سەرۆک بەشێوەیەکی هەماهەنگی تەواو و ڕێزەوە کار لەگەڵ یەکتر دەکەن."

10 نیسان 2026 19:11
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026