شارەوانى قەڵادزێ: ئەو ماڵانەی لە نزیک چەم و ڕووبارەکانن شوێنەکانتان چۆڵ بکەن
داوا لەو ماڵانەی نزیک چەم و ڕووبارەکانن دەکرێت بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکرێت
شەپۆڵێکی تەرزە و بارانبارینی بەهێز ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەوە، داوا لەو ماڵانەی نزیک چەم و ڕووبارەکانن دەکرێت بە زووترین کات ماڵەکانیان چۆڵ بکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ ئاگاداری هاووڵاتییان دەکاتەوە، بەهۆی ئەو ڕێژەی زۆرەی بارانبارین ئاستی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە، لافاو لە چۆم وڕوبارەکان دروست بووە و مەترسی لەسەر ئەو ماڵانە هەیە کە لە نزیک چۆم و ڕوبارەکانن.
سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ ئاماژە بەوە دەدات، بە تایبەتی لە ناوچەکانی نێوان پردی وەستا سلێمان تا دەگاتە قەڵاتی قەڵادزێ.
سەرۆکایەتی شارەوانی قەڵادزێ داوا ئاڕاستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات، کە لە نزیک ئەم شوێنانە دەژین ماڵەکانیان جێ بێڵن بۆ ئەوەی بەدوور بن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.
بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لافاو دروست بووە، مەترسی لەسەر چەند ناوچەیەک هەیە لەگەڵ ئەوەشدا هاتووچۆ پەکی کەوتووە.