وەزارەتی کارەبا گەڕانەوەی خزمەتگوزاریی 'ئی-پسوولە'ی ڕاگەیاند
چیتر پێویست بە نۆرهگرتن ناکات؛ پارەی کارەبا بە مۆبایلەکەت بدە.
وهزارهتی كارهبا، دووباره گهڕانهوه و كارابوونهوهی خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی سەکۆی 'ئی-پسوولە'هوه ڕاگهیاند.
ئهمڕۆ وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوبەشانی کارەبای ئاگادار كردهوه، کە خزمەتگوزاریی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە ڕێگەی سەکۆی 'ئی-پسوولە' دووبارە بەردەست کرایەوە. ئەم هەنگاوە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی گواستنەوەی زانیاریی هاوبەشانی نوێ بۆ ناو سیستەمی دیجیتاڵیی یەکخراو دێت.
پڕۆژەی "ئی-پسوولە" لە مانگی شوباتی ڕابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، کە تێیدا هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ ڕۆتین و بە شێوەیەکی دیجیتاڵی تێچووی کارەبا بدەن. سیستەمی نوێی پسوولەکردن، بەشێکی سەرەکییە لە "پڕۆژەی ڕووناکی"، ئامانج لێی مۆدێرنکردنی کەرتی کارەبا و یەکخستنی پرۆسەی داراییە لە هەرێمی کوردستان.
ههروهها جێی باسه، ئەم سیستەمە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق (CBI)ـەوە پەسەند کراوە، ئەمەش متمانە و سەقامگیرییەکی زیاتر بە پرۆسە داراییەکە دەبەخشێت.
بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی پارەدان و وەرگرتنی زانیاریی ورد، هاوبەشان دەتوانن سەردانی پۆرتاڵی فەرمیی (epsule.gov.krd) بکەن.