چاوەڕێی گۆڕانکارییهكی گەورەی کەشوهەوا بن
بارانی بەلێزمە و هەورەبرووسکە؛ پێشبینییەکانی کەشوهەوا بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و شارەزایانی بواری کەشناسی هۆشداری لە گۆڕانکاریی لەناکاوی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان دەدەن. پێشبینی دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا شەپۆلێکی بارانبارین و هەورەبرووسکەی بەهێز ناوچە جیاجیاکان بگرێتەوە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ههرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە پلەکانی گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن، بەڵام لە دوای نیوەڕۆوە کەشوهەوا بەرەو ناسەقامگیری دەچێت. لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە ئەگەری نمەباران و هەورەبرووسکە هەیە.
ههروهها دهڵێت: بۆ سبەی دووشەممە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما کەمێکی دیکە بەرز ببنەوە، بەڵام لە کاتەکانی ئێوارەدا شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە و لە هەندێک شوێنیش بارانی بەهارە بە لێزمە دەبێت.
لهلایهكی دیكهوه، ههڤاڵ سهدیق گهڵۆزی، شارهزای بواری كهشناسی ڕایگهیاند، بەگوێرەی وێنە سەتەلایتییەکان، بارستە هەورێکی "سووپەرسێڵ"ی زەبەلاح ناوچەکانی بادینان، باشووری دهۆک و باکووری ئیدارەکانی سۆران و ڕاپەڕینی گرتووەتەوە.
ئهو شارەزایهی کەشوهەوا ئاماژە بەوە دەدات، ئەو هەورە بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر لە ڕێگەیە و ئەگەری بارانی بەهێز و تەرزەی لێ دەکرێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی:
هەولێر: 20 پلە
سلێمانی: 18 پلە
دهۆک: 19 پلە
کەرکووک: 22 پلە
هەڵەبجە: 21 پلە
گەرمیان: 24 پلە