کەنەدا: ئامادەکاری بۆ جەنگێکی گەورە دەکەین
لە چوارچێوەی هەڵسەنگاندنی دواین پێشهاتە سەربازیی و سیاسییەکانی جیهان، کەنەدا ترسی لە دروستبوونی جەنگێکی فراوان هەیە.
هاوشێوەی وڵاتە زلهێزەکانی جیهان، کەنەدا توانا سەربازییەکانی فراوانتر دەکات و هەوڵی چوونە نێو هێزێکی فرە نەتەوەیی دەدات.
ژەنەڕاڵ جێنی کێرینیان، فەرماندەی سوپای کەنەدا بە سکای نیوزی ڕاگەیاند: "جیهان گۆڕاوە، پێویستە خۆمان بۆ جەنگێكی 'فراوانی باو' ئامادە بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە هێزی سەربازیی و توانای جیاواز هەیە." کەنەدا توانا سەربازییەکانی فراوانتر دەکات و ژمارەی سەربازی "ڕیزێرڤست" (ئەو کەسانەی مەشقی سەربازییان پێدەکرێت و دواتر تەنیا لە کاتی جەنگدا پەلکێشی نێو ڕیزی سوپا دەکرێن) بۆ 300 هەزار کەس زیاد دەکات.
فەرماندەی کەنەدا لە نزیکەوە چاودێری هەڕەشەکانی ڕووسیا و کۆریای باکوور دەکات، ئەو دوو وڵاتە دەتوانن مووشەکی دوورهاوێژ هەڵبدەن کە توانای هەیە بگاتە کەنەدا. جگە لە مانەش، چاودێری دوایین گۆڕانکاریی پەیوەندییە ڕکابەرییەکانی نێوان وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و چین دەکات لە ناوچەی جەمسەری باکوور، کە ناوچەیەکی فراوانی ستراتیژی گرینگە بۆ کەنەدا.
بۆ ئەم مەبەستە، حکومەتی کەنەدا هەوڵ دەدات بچێتە نێو هێزێکی فرە نەتەوەیی بە سەرکردایەتی بەریتانیا، کە سەرنجیان لەسەر دەریای بالتیک لە ئەوروپا و باکووری ئۆقیانووسی زەریای ئەتڵەسی دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا جەختی لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی وڵاتەکەی بە ئەمریکا لە پرسی خەرجیی و بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپا کردەوە، گووتی: "ئەم ڕۆژانە کۆتاییان هات کە سوپای وڵاتەکەمان 70 سەنتی لە هەر دۆلارێک بۆ ئەمریکا دەنارد."