ئۆتۆمبێله‌كانتان داپۆشن ته‌رزه ده‌بارێت
هۆشداری له بارینی ته‌رزه و تاوه بارانی به‌خوڕ ده‌درێت
كه‌شناسی كه‌شی پێشبینیكراوی 48 كاتژمێری داهاتووی كوردستانی بڵاوكرده‌وه. هۆشداری له ته‌رزه بارین ده‌دات و كه‌شناسێكیش پێشبینی ده‌كات، ئه‌م شه‌پۆلی باران و سه‌رمایه تا كۆتایی هه‌فته‌ش به‌رده‌وام بێت.
ئه‌مڕۆ كه‌شناسی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ کەشی ئاسمانی لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان لەگەڵ دابارینی نمە باران لە زۆربەی ناوچەکان، هەروەها کەمێک بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکاندا. لە دوای نیوەرڕۆ تا ئێوارە ئەگەری تاوە باران و بروسکە لە ناوچەكانی سنووری دهۆک و هەولێر هه‌یه.
به‌پێی بڵاوكراوه‌كه، تا کاتەکانی ئێوارەی ئه‌مڕۆ 'ئەگەری بارینی تەرزە' لە سنووری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك هه‌یه. هه‌روه‌ها پله‌كانی گه‌رماش هه‌ر به نزمی ده‌مێننه‌وه.
كه‌شناسی ده‌ڵێت: سبه‌ی ئاسمان لەنیوان هەور و نیمچە هەور دەبێت. هه‌روه‌ها نم باران ده‌بارێت، له دوای نیوه‌ڕۆ تاوه باران له هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك و گه‌رمیان ده‌بارێت. دوای ئێواره، كه‌ش سه‌قامگیر ده‌بێت.
كه‌شناسی پێشبینی ده‌كات، سبه‌ی له هه‌ولێر، سلێمانی، كه‌ركووك و گه‌رمیان 'ته‌رزه' ببارێت.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئاراس جه‌بار، شاره‌زای كه‌شناسی ڕایگه‌یاند، سبه‌ی سێشه‌ممه له هه‌ولێر، سلێمانی، هەڵەبجە، دهۆک، سۆران و راپەڕین 'تاوه باران و ته‌رزه' ببارێت.
ئه‌و كه‌شناسه ئاشكرای ده‌كات: چوارشه‌ممه كه‌ش سه‌قامگیر ده‌بێت، به‌ڵام پێنجشه‌ممه تاوه باران ده‌بارێت و هه‌وره بروسكه‌شی له‌گه‌ڵ ده‌بێت. ڕۆژی هه‌ینی كه‌ش ئاسایی ده‌بێته‌وه و پله‌كانی گه‌رماش به‌رز ده‌بنه‌وه.