پایتەخت

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز: شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لەکاتی ڕزگارکردنی فرۆکەوانەکە ڕوویداوە

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز: شەڕ لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لەکاتی ڕزگارکردنی فرۆکەوانەکە ڕوویداوە
کورتە

شارەزایانی سەربازی و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئۆپەراسیۆنی گەڕان و دۆزینەوەی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە بە "مەترسیدارترین" ئۆپەراسیۆن وەسف دەکەن.

دوای ڕزگارکردنی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە، بەرپرسانی ئەمریکا وردەکاری ئۆپەراسیۆنەکەیان ئاشكرا کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنی گۆڕان و دۆزینەوەی فرۆکەوانە ئەمریکییەکە، سەدان سەربازی تایبەت، چەندین فرۆکەی جەنگی ئەمریکا، هێلیکۆپتەر و ئامێری سایبەری و چەندین توانای هەواڵگری دیکە بەشدار بوون.

بە گوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکە، بەمەبەستی دوورخستنەوەی هێزەکانی ئێران، فرۆکەکانی ئەمریکا بۆردوومانی هێزەکانی ئێرانیان کردبوو، کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دۆزینەوەی فرۆکەوانەکە هاتبوون. کاتێكیش هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا هاتنەخوارەوە و چوونە لای فرۆکەوانە، شەڕ و پێدادان لە نێوان هێزە زەمینییەکانی ئەمریکا و ئێران ڕوویداوە، بەڵام شەڕەکە هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتووەتەوە و تیمی ڕزگارکردن بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە و بۆ چارەسەرکردنی فرۆکەوانەکە، فریونەتە کوێت.

لەلایەکی دیکەوە، هەر بە گوتەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز کە لە زاری سەرچاوەیەکی دیکە بڵاویکردووەتەوە، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە دوو فرۆکەی گوێزەرەوەی ئەمریکی لە جۆری MC-130J لەکار کەوتوون و هێزەکانی ئەمریکا خۆیان بەناچاری تەقاندیانەوە؛ بەڵام سوپای پاسداران وێنەی پاشماوەی دوو فرۆکە تێکشکاوەکەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "خۆمان ئەو دوو فرۆکەمان تێکشکاند."

لەلایەکی دیکەوە، میک ڕایان، ئەفسەرێکی خانەنشینبووی ئوستورالی و شارازی سەربازی، لەگەڵ مارک ماکارلی، ئەفسەرێکی خانەنشینبووی ئەمریکا ئاماژەیان بە سەختی ئۆپەراسیۆنەکە کرد و گووتیان: "هیچ لایەنێک لە جیهان ناتوانێت وەک ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی لەم شێوەیە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدات، چونکە لە نێو خاکی ئێران بوو و یەک هەڵەی بچووک، دەکرا ئۆپەراسیۆنەکە شکست پێبهێنێت، ئەمە یەکێکە لە مەترسیدارترین ئۆپەراسیۆنەکان!."

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەلای خۆیەوە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی فرۆکەوانەکەی بە یەکێک لە "بوێرترین" ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و رزگارکردن لە مێژووی ئەمریکا دا وەسف کرد، بە کۆنتڕۆڵی رەها و باڵادەستی ئەمریکا بەسەر ئاسمانی ئێراندا لە قەڵەم دا.

دوێنێ ترەمپ لە پۆستێکی لە پلاتفۆڕمی تروس سۆشیاڵ 48 کاتژمێری بۆ دەرفەتی دیپلۆماسی و دانوستانی بۆ ئێران دانا، جەختیشی کردەوە، کە ئەگەر ئەم کاتە تێپەڕ بێت و  و دانوستان نەکەن، "دۆزەخیان بە سەردا دەبارێنێت."

05 نیسان 2026 11:51
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026