فرۆکەیەکی سەربازهەڵگر تێکشکا و 29 کەس گیانیان لەدەستدا
فرۆکەیەکی ڕووسی کەوتەخوارەوە و هیچ کەس لە سەرنشین و کارمەندان ڕزگاریان نەبوو.
فرۆکەیەکی ڕووسی لە کاتی چوونی بۆ نیمچە دوورگەی کریمیا، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە تێكشکا و قوربانی لێکەوتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاژانسی تاسی ڕووسی لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، فرۆکەیەکی سەرباز گوێزەرەوەی ڕووسی لە جۆری AN-26، لە ئاسمانی نیمچەدوورگەی کریمییەی ڕووسیا کەوتەخوارەوە و تێکشکا، لە ئەنجامدا 29 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگووتەی وەزارەتەکە، پەیوەندی لەگەڵ فرۆکەکە لە کاتی چوونی بۆ نیمچەدوورگەی کریمیا، لە دەورووبەی کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بە کاتی ڕووسیا پچڕا. نیمچەدوورگەی کریمیا لە ساڵی 2014 لەلایەن ڕووسیاوە لە ئۆکراینا سەندرا.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ئاماژەی بە گەیشتنی تیمێکی گەڕان بۆ شوێنی ڕووداوەکە کرد و ئاشکرایان کردووە، کە شەش کارمەندی فرۆکە و 23 سەرنشین گیانیان لەدەستدابوو و کەس ڕزگاری نەببوو.
لەبارەی هۆکاری تێکشاندنی فرۆکەکە، وەزارەتی بەرگری ڕووسا گووتی: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، فرۆکەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیی هەرەسهێنانەوە کەوتووەتە خوارەوە." واتە پەیوەندی بە پێکدادانی باڵندە، مووشەک یان درۆن نەبووە.