پایتەخت

گۆڕینی ناوی شوێنە گەشتیارییەکانی ڕاپەڕین قەدەغە کرا

گۆڕینی ناوی شوێنە گەشتیارییەکانی ڕاپەڕین قەدەغە کرا
کورتە

ڕێنمایی نوێ بۆ میدیاکارانی ڕاپەڕین دەرچوو

بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین، کۆمەڵێک ڕێنمایی نوێی بۆ فۆتۆگرافەران و ڕاگەیاندنکاران دەرکرد و ڕایگەیاند، چیتر ڕێگە نادرێت بۆ مەبەستی ڕیکلام ناوی شوێنە گەشتیارییەکان بگۆڕدرێت یان ناوی خوازراویان لێ بنرێت.

 

ئه‌مڕۆ ڕابەر عومەر ساڵح، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری ڕاپەڕین لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی پاراستنی شوناسی جوگرافی و مێژوویی ناوچەکەیە. جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەر بابەتێکی میدیایی، وێنە یان ڤیدیۆ، پابەندی ناوهێنانی دروستی شوێنەکان بن وەک ئەوەی لە نەخشە کارگێڕییەکاندا هاتووە.

 

بەپێی ڕێنمایی بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر گۆڕانکارییەک لە ناوی شوێنەکان، بە 'شێواندنی شوناسی ناوچەکە' ئەژمار دەکرێت. داواش کراوە فۆتۆگرافەران بۆ دڵنیابوونەوە لە ناوی هەر ناوچەیەک، پەنا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری ڕاپەڕین بەرن، تاوەکو سیمای ناوچەکە بە شێوەیەکی زانستی و پیشەیی نیشان بدرێت.

 

لە ڕێنماییەکاندا هاتووە، پێویستە میدیاکاران لەگەڵ ناوی شوێنەکە، ئاماژە بە قەزا، ناحیە و گوندی پەیوەندیدار بدەن بۆ ئەوەی گەشتیاران بەرچاوڕوونییان هەبێت و داتای جوگرافی ناوچەکە تێکەڵ نەبێت.

05 نیسان 2026 13:46
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026