پایتەخت

مەلا کامەران لەسەر سکاڵای زانکۆی ئەمریکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە

مەلا کامەران لەسەر سکاڵای زانکۆی ئەمریکی فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە
کورتە

زانکۆی ئەمریکی سکاڵای یاسایی لەسەر مامۆستایەکی ئایینی سلێمانی تۆمارکردووە

دوای نووسینی کۆمێنتێک و دەنگدانەوەی لە سۆشیال میدیا، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی سکاڵای یاسایی لەسەر مامۆستایەکی ئایینی تۆمارکردووە بەم هۆیەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.

 

مەلا کامەران عەلی، ناسراو بە مەلا كامەرانی سەرای ئازادی لە وەڵامی کۆمێنتی هاووڵاتییەک لەسەر بیستنی چەند دەنگێکی گەورە لە شاری سلێمانی نووسیویەتی: "بەڵێ وابوو ئەم جارە زۆر بەهێز بوو هیوادارم ئەم جارە زانکۆی ئەمریکی بێت کە ئێران هەڕەشەی لێکردبوو".

 

لەمبارەیەوە مامۆستا کامەرانی سەرای ئازادی، مامۆستای ئایینی بە پایتەخت میدیای راگەیاند: " لەسەر ئەو کۆمێنتەی لە سۆشیال میدیا نووسیومە، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی سکاڵای یاساییان لەسەر تۆمارکردووم و مەبەستم زانکۆکە نەبووە بەڵکو دژی ئەمریکا و ئیسڕائیلم".

 

سوپای پاسداران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر زانکۆی ئەمریکی لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک، بەغدا و ناوچەکە کردووە.

 

مامۆستا کامەرانی سەرای ئازادی ئاماژەی بەوە دا: "لە ئێستادا لەسەر سکاڵای زانکۆی ئەمریکی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە، من ئامادەم بچمە دادگە و لەڕووی یاساییەوە هیچم لەسەر نییە، لەبەردەم دادگە ملم لە موو باریکترە".

 

چەند شەوێک لەمەوبەر ژمارەیەک دەنگی بەهێز لە سلێمانی بیسترا مامۆستا کامەرانی سەرای ئازادی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە وەڵامی هاووڵاتییەک کۆمێنتەکەی نووسیبوو.

 

 ئەو مامۆستا ئایینیە دووپاتی کردەوە: "دواتر بۆم روونکرایەوە کە زانکۆی ئەمریکی کۆمەڵێک مامۆستا و دکتۆری زیرەک و بە ئەزموونی تێدایە کە خزمەت بە زانست و زانیاری دەکەن، بۆیە پەشیمان بووم و نزای سەرکەوتن و پارێزگارییان بۆ دەکەم".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمێنتی مامۆستا کامەرانی سەرای ئازادی لە نێو تۆڕە کۆمەڵاتییەکان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و ژمارەیەک نووسەر ڕەخننەی تووندیان لێ گرت.

02 نیسان 2026 21:21
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026