پایتەخت

پەیوەندی تەلەفۆنی مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر: میلیشیاکان مایەی هەڕەشەن

پەیوەندی تەلەفۆنی مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر: میلیشیاکان مایەی هەڕەشەن
کورتە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی قەتەر، دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆکوەزیرانی قەتەر، جەختییان لە سەقامگیری ناوچەکە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیان کردەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، هەردوولا جەخەتیان لەوە کردەوە، کە میلیشیا و گرووپە لە یاسادەرچووەکان مایەی هەڕەشە و مەترسین و پێویستە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵیان بکات.

هەروەها هەردوولا سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانەیان، کرد کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و قەتەر؛ نیگەرانی قووڵی خۆیان لە بەرامبەر پەرەسەندنی شەڕ و گرژییەکان لە ناوچەکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری کردەوە.

 لە پەیوەندییەکەدا شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان جەختی لە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، کە دەبێ هەڕەشە و مەترسییەکانیش لەبەرچاو بگیرێن.

لە درێژەی پەیوەندییەکەدا، مەسرور بارزانی هاوسۆزی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خەڵکی قەتەڕ دووپات کردەوە و هەردوولاش کۆک بوون لەسەر پێویستی بەردەوامبوونی پەیوەندی و هاوئاهەنگی بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و ئاستەنگەکان.

02 نیسان 2026 13:16
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026