وڵاتانی کەنداو: لەجیاتی لاواز بوون ئێران لەم جەنگەدا بەهێزتر دەبێت
جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا درێژە دەکێشێت و وڵاتانی کەنداویش، نایانەوێت بوەستێت.
وڵاتانی کەنداو نیگرانن لە ئەگەری ئەنجامەکانی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا و دەترسن ئێران جەنگەکە ڕانەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری محەممەد بەحروون، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی بحوسی دوبەی، ئاژانسی ڕۆیتەرز نیگەرانییەکانی وڵاتانی کەنداوی لە جەنگی ئێران دەربڕی و ڕایگەیاند، کێشەکە بریتییە لە وەستاندنی جەنگەکە بەبێ هەبوونی هیچ دەرئەنجامێک، ترەمپ لەوانەیە جەنگەکە ڕابگرێت، بەڵام ئەمە بەمانای ئەوە نایەت ئێران جەنگەکە ڕادەگرێت.
محەممەد بەحروون هۆشداری داوە، کە هەتا هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی کەنداو بمێننەوە، ئێران لە هەڕەشە کردن لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وڵاتانی کەنداو نیگەرانن لە ئەگەری ئەوەی ئێران لەم جەنگەدا بە "شکستنەخواردوو" بێتە دەرەوە و بەهێزتر بێت، بتوانێت هەڕەشە لە ڕێڕەوەکانی کەشتی، هاتووچۆی وزە و ئاسایشی ناوچەیی بکات، لە کاتێکدا وڵاتانی کەنداو دەبێت بەناچاری خەرجییە ئابووری و ستراتیژییەکانی جەنگەکە لە ئەستۆ بگرن. هەر وەک محەممەد بەحروون دەڵێت: "نەمانی ئازادی هاتووچۆ لە ناوچەکە گەورەترین نیگرانی وڵاتانی کەنداوە."
بەشێک لە شیکەرەوانی جەنگەکە ئاماژەیان بە "هەڵە لێکدانەوەیی" ئەمریکا و ئیسرائیل لە وەڵامەکانی ئێران و سەرکردەکانی داوە. بۆ نموونە، کوشتنی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی باڵای ئێران بەمەبەستی ڕووخاندنی ڕژێمەکە، ئێستا لە چاوی سەرکردەکانی ئێران بووەتە هاندانی بەرگری کردن و "تۆڵەسەندەوە".
لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2-4-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکدا سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ئێران ڕاگەیاند و گووتی: "ئێستا ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان ئازاد کردووە و چیدیکە پێویستمان بە نەوتی ئەو ناوچەیەش نییە." هۆشدارییەکی تووندیشی دا و جەختی کردەوە، کە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەن و "دەیانگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین."
لە وەڵامی گوتارەکەی ترەمپ، کە داوای دانوستانیشی کردبوو، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: "ئێمە بەرگەی ئەم سووڕە شوومەی شەڕ، دانوستاندن و ئاگربەست ناگرین کە دواتر هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە؛ ئەمە نەک تەنیا بۆ ئێران، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە و دەرەوەی ناوچەکەش کارەساتبارە، هیچ بژارەیەکی دیکەمان لەبەردەمدا نییە جگە لە رووبەڕووبوونەوەی تووند."