کارەبای سلێمانی نرخی نوێی مۆلیدە بۆ مانگی ئازار ڕاگەیاند
کارەبای سلێمانی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئازار ڕاگەیاند؛ نرخی یەک کاتژمێر بە 49 دینار دیاریکراوە و هەفتەی داهاتووش نرخی ئەمپێری ناو شار ئاشکرا دەکرێت
کارەبای سلێمانی، نرخی یەک کاتژمێر کارکردنی مۆلیدە ئەهلییەکانی بۆ مانگی ئازار دیاریکرد، کە لەسەر بنەمای نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا خەمڵێنراوە.
ئهمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی ڕایگهیاند، نرخی هەر کاتژمێرێک کارکردنی مۆلیدە بۆ یەک ئەمپێر بە 49 دینار دیاریکراوە. ئەم نرخە تەنها ئەو شارۆچکە و شارەدێیانە دەگرێتەوە کە هێشتا نەچوونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناكی و بە سیستەمی پێشوو کارەبای مۆلیدەیان بۆ دابین دەکرێت.
سەبارەت به مۆلیدهكانی ناو شاری سلێمانی، کارەبای سلێمانی ئاماژەی بەوە کردووە، نرخی ئەمپێر بۆ ئەوان هێشتا دیاری نەکراوە. بڕیارە هەفتەی داهاتوو، دوای کۆکردنەوە و هەژمارکردنی کاتژمێرەکانی کارکردنیان، نرخی کۆتایی بۆ ناوشار ڕابگەیەنرێت.
لە لایەکی دیکەوە، نرخی کارەبای کۆمەڵگەکانى نیشتەجێبوونی بەم شێوەیە دیاریکرد: بۆ ئەو سیتییانەی کارەبای نیشتمانیان هەیە: نرخی یەک کیلۆوات/یهك كاتژمێر 312 دینار. بۆ ئەو سیتییانەی تەنها پشت بە مۆلیدە دەبەستن و کارەبای نیشتمانیان نییە: نرخی یەک کیلۆوات/ یهك كاتژمێر 296 دینار.