پایتەخت

مەسعود پزیشکیان: ئاگربەست نەکرێت بە سێ هەفتەی دیکە ئابووری وڵات دەڕووخێت

مەسعود پزیشکیان: ئاگربەست نەکرێت بە سێ هەفتەی دیکە ئابووری وڵات دەڕووخێت
کورتە

جیاوازی بیڕ و ڕا لە نێوان سەرۆکی ئێران و فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی وڵات دروست بووە.

درز و کەلێن لە نێو دەسەڵاتی باڵای ئێران دروست بووە و سەرۆکی وڵاتەکە هۆشداری لە داڕمانی ئابووری وڵاتەکە دەدات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پێگەی ئێران ئینتەرناشناڵ لە زاری چەند سەرچاوەیەکی وڵاتەکەوە دەریخستووە، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران و ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی جەنگەکە، ژیانی خەڵک و ئابووری وڵات هەیە.

پزیشكیان ڕەخنەی لە هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو گرتووە و هۆشداری لە ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە داوە و دەڵێت: "ئەگەر ئاگربەست نەکرێت، لە سێ هەفتە یان مانگێکی دیکە، ئابووری وڵات دەڕووخێت."

لە هەمان کاتدا، سەرۆکی ئێران داوای گەڕانەوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی بۆ حکومەت کردووە. لەسەر ئەم داواکارییەی پزیشکیان، فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران ناڕەزایی دەربڕیوە و لۆمەی ئەوەی کردووە، کە حکومەت بەر لە دەستپێکردنی جەنگەکە لە هەوڵەکانی بۆ "ریفۆرمی پێکهاتەیی" نێو دەسەڵات شکستی هێناوە.

پێشووتر لە 15-3-2026، میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بە دروستبوونی "درز و کەلێن" لە نێو دەسەڵاتی ئێران کرد و بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئێستا چەندین نیشانەی درز و کەلێن لە نێو حکومەتی ئێران هەیە، "ئێمە ئێستا دۆخێکی لەبار بۆ ڕووخاندنی ڕژێمەکە دەرەخسێنین، بەڵام لە کۆتاییدا، ئەمە دەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی ئێران."

29 ئازار 2026 10:54
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026