بافڵ تاڵەبانی ئامۆزایەکی شێخ جەعفەر و کوڕەکەى لە ناو بازاڕ ڕفاند
بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی ئامۆزایەکی شێخ جەعفەر و کوڕەکەى لە ناو بازاڕدا بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندران
بە بڕیاری بافڵ تاڵەبانی ئامۆزایەکی شێخ جەعفەر و کوڕەکەى لە ناو بازاڕدا بۆ شوێنێکی نادیار ڕفێندرا، بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕووداوەکە، ئەم کارە بۆ هەراسانکردنی کەسایەتییەکانی نێو یەکێتییەوەیە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، دوێنێ هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتیی، بە فەرمانى بافڵ تاڵەبانی لەناو بازاڕی سلێمانی، ئامۆزایەکى شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەناوی شێخ بەختیار لەتیف و کوڕەکەى بەرەو شوێنێکى نادیار ڕفاند.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە دا، ئەم کارەى بافڵ تاڵەبانى لە چوارچێوەی ئەو سووکایەتی و گاڵتەپێکردنانەیە کە ماوەیەکە بە کەسایەتی و خاوەن پێگە و مێژووی یەکێتیی لە ڕابردوودا دەیکات، ئەمەش وەک خستنە ترسە لە نێو ئۆرگانەکانى یەکێتیى و هەراسانکردنى کەسایەتی و پلەدارەکانى دیکە.
بەپێی قسەی ئەو سەرچاوەیە، مەبەستى بافڵ تاڵەبانی لە پشت ڕفاندنەکە ئەوەیە کە هەموو ئەو کەسانەى لە ناو یەکێتیدا خاوەن مێژوو و ڕابردووێکی پڕ تێکۆشان و خەبات و ماندووبوونن چاو شکێن بکات.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا هێزەکانی کۆماندۆی یەکێتیی تەقەیان لە نۆزانی کوڕە گەورەکەی شێخ جەعفەر کردووە، کە بە مەبەستی سەردانی کردنی کۆماندۆ چووبووە گردی عەلی ناجی، لە ئەنجامدا گوللەیەک بەر کوڕە پوورێکی نۆزان کەوت و گیانی لەدەستدا.