چەک شومەر بۆ ترەمپ: ئەمە خراپترین گوتاری جەنگ بوو لە مێژووی سەرۆکەکانی ئەمریکا
چەک شومەر، سیناتۆری دیموکرات هەنگاوەکانی ترەمپ لە جەنگی ئێران بە گەورەترین هەڵەی سیاسی لە مێژووی وڵاتەکە وەسف دەکات.
سیناتۆرێکی دیموراتەکان لەسەر دوایین گوتاری سەرۆکی ئەمریکا هاتە دەنگ و ڕەخنەی تووندی لێ گرت.
چەک شومەر، سیناتۆری دیموکرات و سەرۆکی کەمینەکان لە ئەنجوومەنی پیران پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و پرسیاری ئەوەی کرد: "تا ئێستا هیچ گوتارێکی هێندە سەرلێشێواو، جیاجیا و جێگەی بەزەیی لە مێژووی سەرۆکەکانی ئەمریکادا هەبووە؟"
چەک شومەر لە درێژەی قسەکانیدا گووتی: "کارەکانی ترەمپ لە ئێران بە یەکێک لە گەورەترین هەڵەی سیاسی لە مێژووی وڵاتەکەمان دادەندرێت، ئەمەش بە شکستهێنانی لە دیاریکردنی ئامانجەکانی لەم جەنگە، دوورخستنەوەی هاوپەمانان و فەرامۆشکردنی کێشە ئابووریەکانی خەڵکی ئەمریکا."
ئەم سیناتۆرە ئەمریکییە لە کۆتاییدا دەڵێت: ترەمپ بە هیچ شێوەیەک بە کەڵکی پۆستی سەرۆکایەتی نایەت و هەموو جیهانیش ئەم ڕاستییە دەزانێت."
قسەکانی چەک شومەر لە کاتێدایە، ئەمڕۆ ترەمپ، لە گوتارێکدا سەرکەوتنی وڵاتەکەی بەسەر ئێران ڕاگەیاند و گووتی: "ئێستا ئێمە خاوەنی بەهێزترین سوپای جیهانین، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستمان ئازاد کردووە و چیدیکە پێویستمان بە نەوتی ئەو ناوچەیەش نییە." هۆشدارییەکی تووندیشی دا و جەختی کردەوە، کە لە دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوو زۆر بە خراپی لە ئێران دەدەن و "دەیانگەڕێننەوە بۆ چاخی بەردین."