زیندانیان بۆ جەژن دەچنەوە ماڵەوە
بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان گەڕانەوەی زیندانیانی بۆ نێو ماڵ و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزانەکانیان ڕاگەیاند
بۆ جەژنی ڕەمەزان زیندانیان مۆڵەتی کاتییان پێ دەدرێت و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، بەشێوەیەک حەوت ڕۆژ لەگەڵ خێزانەکانیان بەسەر دەبەن.
کەمێک لەمەوبەر ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بۆ جەژنی ڕەمەزان 36 کەس لە چاکسازی هەولێر، سلێمانی و هەولێر مۆڵەتیان وەرگرتووە بۆ جەژن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
بە پێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2017 مۆڵەتی سزادراوان لە فەرمانگەکانی چاکسازی هەرێمی کوردستان، مۆڵەتی کاتیی سێ مانگ جارێک دەبێت و هەرجارێک پێنج رۆژ دەبێت جگە لە رۆژانی دەرچوون و هاتنەوە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان دووپاتی کردەوە، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ئەم 36 سزادراوە دەگەڕێنەوە نێو خێزانەکانیان.
بە پێی رێنماییەکە، هەر بەندکراوێک بۆ کاتی مۆڵەت وەرگرتن دەبێت 25 ملیۆن دینار بە بارمتە دابنێت یان خانووێک بخاتە رەهنەوە.
بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوونیکردەوە، وەرگرتنی مۆڵەت پێویسی بە دانانی داپۆی خانوو پارە لە بانکە.
ئیحسان عەبدولڕەحمان ئاشکرای دەکات، ئەو مۆڵەتە ئەو کەسانە ناگرێتەوە، کە بە تۆمەتی کوشتن و تیرۆر لە چاکسازیدان، یان حوکمی سێدارەیان هەیە.