شێروان دووبەردانی: سوودانی بەڵێنی داوە پێش جەژن مووچە ڕەوانە بکات
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوایەکی پارتی بۆ خەرجکردنی مووچە بەر لە هاتنی جەژن قبووڵ کردووە.
بە داواکاری فڕاکسیۆنی پارتی هەوڵ دەدرێت، پێش جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز مووچەی مانگی 3ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە وەڵامی داواکارییەکەی فڕاکسیۆنی پارتی بەڵێنی داوە ئەگەر پێش جەژنی ڕەمەزان مووچەی مانگی 3ـی مووچەخۆرانی عێراق دابەشکرا، ئەوا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی عێراق دووپاتی کردەوە: "وەکو نوێنەری کورد داواکارییمان بەتایبەت بۆ هاتنی مووچە پێشکەش کردووە، چونکە جیا لە جەژنی ڕەمەزان، جەژنی نەورۆزمان هەیە و دەبێت خەڵکی دڵخۆش بێت".
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هاتوو لەم هەفتەیەدا بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق دابەش بکرێت، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش وەکو بەغدا مووچە وەردەگرن.
سەبارەت بە سەردانیکردنی وەزیری دارای عێراق شێروان دووبەردانی ڕوونیکردەوە، ئەگەر پێویست بکات بۆ هاتنی مووچە سەردانی دەکەن و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن تا پێش جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز مووچە بێت.