کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز
لە ڕۆژانی جەژن خەڵک بۆ گەشت و سەیران ڕوودەکەنە ناوچە سەوزایی و شاخاوییەکان
جیاوازتر لە ساڵانی پێشووتر ئەمساڵ جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز بەیەکەوە بەڕێوەدەچێت، شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی خۆی بۆ کەشوهەوای ڕۆژانی جەژن ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بڵاویکردەوە، لە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەوە، هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ناوچەکە دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری دوو نزمە پاڵەپەستۆی قووڵ لە دەریای ناوەراست و سوورەوە شەپۆلێکی بەهێزی لێزمە باران و هەورە بروسکە دەستپێدەکاتەوە.
ئاراس جەبار دووپاتی کردەوە، چەقی شەپۆلەکە لە نێوان کاتەکانی شەو بۆ بەرەبەیانی هەینی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان دەبێت، لەو ماوەیەدا بارانێکی زۆر لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبارێت.
ئەو شارەزای کەشناسییە جەختی لەوەکردەوە، پلەکانی گەرما 5 تا 6 پلە نزمدەبنەوە لەگەڵ بارینی بەفر لەسەر لوتکەی چیا بەرزەکان.
ئاراس جەبار پێشبینی دەکات، کاریگەری نزمە پاڵەستۆکەی دەریای ناوەراست بۆ ماوەیەکی درێژخایان لەسەر ناوچەکە بمێنێتەوە، بە درێژای رۆژانی جەژنی رەمەزان تا کۆتایی ئەم مانگە 31ـی3ـی 2026، کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت و کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بە ناجێگیری دەمێنێتەوە.