یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕایگەیاند، ئەمساڵ بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان تەنیا پشت بە لێژنەی بینینی مانگی خۆیان دەبەستن.
ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەکات، وەزارەتی ئەوقاف بۆ دیاریکردنەکە پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستێت.
کەمێک لەمەوبەر نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 29ـی ڕەمەزان لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکیەکانیان لەسەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بۆ دیاری کردنی یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان کۆدەبنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دووپاتی کردەوە، لێژنەکانی وەزارەت لە پارێزگای هەولێر(حاجی ئۆمەران)، ڕواندز، لە پارێزگای دهۆک (چیای زاوا)، لە پارێزگای سلێمانی (چیای گلەزەرد) و هەندێک ناوچەی دیکە چاودێری بینینی مانگ دەکرێت.
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتی ئەوقاف بۆ دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان پشت بە هیچ وڵاتێک و ناوەندێکی فەلەکناسی نابەستێت تەنیا پشت بە لێژنەی بینینی مانگ دەبەستێت.
لە کۆتایی قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاشکرای دەکات، ئەگەر ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە مانگ بیندرا ئەوا ڕۆژی پێنجشەممە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان دەبێت، ئەگەر مانگ نەبیندرا ئەوا ڕۆژی هەینی یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت.