فەرهاد ئەتروشی: کارنامەکەی پەرلەمان رەزامەندی سەرۆك و دوو جێگرەكەی نەبووە
فەرهاد ئەتروشی: عێراق بە قۆناغێکی سەخت و مەترسیدار و بارودۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاگاداری ڕای گشتی و پەرلەمانتاران دەکاتەوە، کە کارنامەکەی پەرلەمان بۆ بانگهێشتی وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی سەرۆك و دوو جێگرەكەی نەبووە.
ئەمڕۆ سێشەممە فەرهاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، عێراق بە قۆناغێکی سەخت و مەترسیدار و بارودۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، کە پێویستی بە یەكسختنی دیدگاو هەوڵی هاوبەش هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی ئێستا.
فەرهاد ئەتروشی جەخت لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بەتایبەتی دۆسیەی نەوت و دارایی، لە نێوان بەغدا و هەولێر دەکاتەوە، بە هەستێکی نیشتمانی بەرزو بەرپرسیارێتی هاوبەش، بە جۆرێك بەشداربێت لە روبەڕوبوونەوەی ئاستەنگەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكانی ئاگادار دەکاتەوە، کارنامەی دانیشتنەکان بە رێککەوتنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و هەردوو جێگرەکەی دادەنرێت، پاڵپشت بە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆ، پابەندنەبوون بەم بابەتە بە پێشێلکردنی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و پەیڕەوی ناوخۆی دادەنرێت، ئەمە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا دووبارە بووەتەوە.