مەسرور بارزانی چەندین فەرمانی بە ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیران و کارەساتەکانی هەولێر دا
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبوویەوە و چەندین فەرمانی گرینگ درا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی ڕاسپارد کە دەبێت ڕۆڵی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتی سنووری پارێزگای هەولێر کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ژووری ئۆپەراسیۆن و هەموو فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئامادەکارییان و کاری بەردەوامیان لە پێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و یارمەتیدان و پاراستنی ئاسایشی خەڵک و هاووڵاتییانی هەولێر و هەرێمی کوردستان کرد.
مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسانی ڕاسپارد کە ڕۆڵی بەرپرسانەی خۆیان بگێڕن و نەهێڵن هیچ کێشە و گرفتێکی خزمەتگوزاری دروست ببێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان دا، کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ پاراستنی خەڵک و هەرێمی کوردستان لەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی ناوچەکە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، سەرەڕای ئەوەی کێڵگەکانی نەوت و گاز و پاڵاوگەکان ڕووبەڕووی هێرش و پەلاماری هێزە لەیاسا دەرچووەکان بوونەتەوە ، بەڵام حکومەت هەموو هەوڵێکی داوە چارەسەری کێشەی کارەبا بکات.