پایتەخت

دڵنیایی لە خۆراکی پێویست دەدرێت

دڵنیایی لە خۆراکی پێویست دەدرێت
کورتە

بەشی 6 مانگ خۆراک لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان هەیە

دوای دروستبوونی شەڕی ئێران و ئەمریکا، بینینی مووشەکەکانی ئێران لەسەر ئاسمانی کوردستان خەڵکێکی زۆر بۆ مەبەستی کڕینی خۆراک ڕوویان لە ماڕكێت و بازاڕەکان کردووە.

کەمێک لەمەوبەر نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بەهۆی شەڕەوە ئەگەر خۆراک لە وڵاتانی درەوە نەیەت، ئەوا بەشی 2 مانگ بەشەخۆراکی پێویست لە کۆگا حکومییەکان هەیە.

نەوزاد شێخ کامیل دووپاتی کردەوە، لە نزیکەوە چاودێری کۆگاکانی کەرتی تایبەتییان کردووە کە بەشی 6 مانگ خۆراکی پێویست هەیە و مەترسی نییە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، لیژنەکانی چاودێرییان ڕاسپاردووە بۆ چاودێریکردنی بازاڕ بەتایبەتی بۆ کاڵا خۆراکییەکان ڕێگە نەدەن بە بەرزکردنەوەی نرخ و هیچ هۆکارێک نییە نرخەکان بەرز بکرێنەوە.

نەوزاد شێخ کامیل داوا لە هاووڵاتییان دەکات، کە مەترسی لەسەر کەمبوونەوەی شتوومەک و خۆراک نییە و با بەپێی پێداویستی ڕۆژانە لە ماڕكێتەکان خۆراک بکڕن.

هەر ماڕكێتێک و بازرگانێک کاڵا بشارێتەوە و یان نرخی خۆراک بەرزبکاتەوە بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم دەڵێت: "تووندرین شێوە سزا دەدرێن".

نەوزاد شێخ کامیل هاووڵاتییان ئاگادار دەکاتەوە، لە ڕێگەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی سەرجەم شارو شارۆچکەکانەوە دەتوانن لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک ئاگاداریان بکەنەوە.

28 شوبات 2026 17:51
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026