لێژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان: لە 2025 ئیسرائیل دوو لەسەر سێی میدیاکارانی جیهانی کوشتووە
لێژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ)، ڕاپۆرتی کوشتنی ڕۆژنامەنووسانیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەراورد بە سێ دەیەی ڕابردوو، لە ساڵی 2025 زۆرترین ڕۆژنامەنووس کوژراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی لێژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان، ساڵی 2025 کوشندەترین ساڵ بووە بۆ ڕۆژنامەنووسان و دیاردەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان لە ڕێگەی درۆنەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
لێژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) ڕاپۆرتێکی تایبەتی لەسەر کوشتنی ڕۆژنامەنووسانیان لەسەرانسەری جیهان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لەوەتەی لێژنەکە لە ساڵی 1992ـەوە دەستیان بە کۆکردنەەی داتا کردووە، ساڵی 2025 زۆرترین کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی بەخۆیەوە بینیوە و تێیدا 129 ڕۆژنامەنووس کوژراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، 86 رۆژنامەنووس بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون، کە دوو لەسەر سێی ڕێژەکە پێکدەهێنێت و زیاتر لە 60٪ـیان ئەو رۆژنامەنووسە فەلەستینییانە بوونە، کە لە نێو کەرتی غەززەوە رووماڵیان دەکرد.
لێژنەی پاراستنی رۆژنامەنووسان (CPJ) باسی لە درۆن، وەک ئامرازێکی نوێ کوشتن کردووە و نووسیوویەتی: بەکارهێنانی درۆن بۆ کوشتنی میدیاکاران بەشێوەکی بەرچاو زیادی کردووە، توانیویانە 39 حاڵەتی لەم شێوەیە تۆمار بکەن، کە 28ـیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە، 5ـیان لەلایەن هێزەکانی پشتگیریی خێرا (RSF) لە سوودان، و 4ـیان لەلایەن رووسیاوە لە نێو خاکی ئۆکرانیا کراون.
لە بەرامبەر ڕاپۆرتەکەی ئەم لێژنەیە، گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل هاتە دەنگ و بە "پێشوەختە و بێ بەڵگە" وەسفی کرد و رایگەیاند: "زۆرجار تیرۆریستەکان جلی سڤیل یان رۆژنامەڤان دەپۆشن بۆ کردنی کارە تێکدەرەکانیان. هەر هەنگاوێکمان بەرامبەریان نابێت، تەنیا بەهۆی تێوەگلانیان بووە لە کاری تیرۆریستی نەک شتی دیکە."